سەردێڕ:

وەزیری تەندروستى: بودجە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تەرخانکرا

فۆتۆ: 
2020-02-20

3835 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، حکومەت بودجەیەکی فریاگوزاری بۆ پێداویستییەکانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخانکردووە و بڕی بودجەکەش بەپێی پێداویستی وەزارت دەبێت.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "بڕی بوودجەى دیاریکراو بۆ کۆرۆنا بەپێی پێداویستی ئێمە دەبێت، تەرخانکراوێکی تایبەتە و لە دەرەوەی بوودجەی خۆمانە، بەپێی دەرخستەکانی ئێمە دەبێت و وەزارەتی دارایی، ئێمەی سەرپشککردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە".

وەزیری تەندروستی راشیگەیاند، لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان ئامێری پشکنین بۆ گەشتیاران دانراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە و وتیشى، "بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، ئامێری پشکنینمان لە فڕۆکەخانە و سنوورەکان داناوە، خۆشبەختانە تا ئێستاش هیچ نەخۆشێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا نییە".

سامان بەرزنجی ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا دەرمانی پێویست لە جیهاندا تایبەت بە چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام چارەسەری پاڵپشت هەیە و دڵنیایی ئەوەشیدا کە ئامادەکارییان بۆ بەڕەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە کردووە.

سەبارەت بە هاوردەکردنی کاڵای چینی و مەترسییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان سامان بەرزنجى وتى، "بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، ئەو کاڵایانەی لە چینەوە دێن، جێگای مەترسی نین و ئێمەش بەوردی چاودێری پڕۆسەکە دەکەین و لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە پەیوەندیداین".

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڤایرۆسی کۆرۆنا COVID-19، لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە لە شاری وهانی چین سەری هەڵدا و تەشەنەی کرد، لەو کاتەشەوە هەتا ئێستا بەپێی دوایین ئامارەکان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هەزار و ١٢٦ کەس و توشبوونی ٧٥ هەزار و ٦٠٣ کەسی دیکە.

 ب.ب