سەردێڕ:

دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆناوە لەناو کەشتییەکەی ژاپۆندا تۆمارکران

فۆتۆ: 
2020-02-20

3345 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسەکان بڵاویانکردەوە، دوو لە سەرنشینە توشبووەکانی کەشتی شازادەی ئەڵماس گیانیان لەدەستداوە و ٢٩ توشبووی دیکەش لە دۆخی تەندروستی دژواردان.

میدیای فەڕمی ژاپۆن بڵاویکردەوە، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە ژنێکی ٨٤ ساڵ و پیاوێکی ٨٧ ساڵانن کە هەردووکیان ژاپۆنین.

ئەوەش هاتووە، ژمارەی توشبووەکانی سەر کەشتییەکە بۆ ٦٢٠ کەس بەرزبووەتەوە.

هاوکات، لە دوای دوو هەفتە لە چاودێریکردنی سەرنشینانی کەشتییەکە، تا ئێستا دوو گروپیان لێ دابەزێندراون.

لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆناوە لە ئێران تۆمارکرا.

باس لەوەشکراوە، نزیکەی سێ هەزار و ٧٠٠ کەس بۆ تەواوکردنی ئەو ١٤ رۆژەی تەندروستیی جیهانی بۆ ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دیاریکردبوو، لە سێی ئەم مانگەوە لەناو پاپۆڕەکەدا لەژێر چاودێریدابوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، هۆکاری توشبوونی سەرنشینەکان پیاوێکی ٨٠ ساڵان بووە کە لە ٢٠ی مانگی رابردوودا لە ژاپۆنەوە سەر پاپۆڕەکە کەوتووە و لە ٢٥ی هەمان مانگدا لە هۆنگ کۆنگ دابەزیوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڤایرۆسی کۆرۆنای COVID-19 لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە لە شاری وهانی چین سەری هەڵدا و تەشەنەی کرد، لەو کاتەشەوە هەتا ئێستا بەپێی دوایین ئامارەکان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هەزار و ١٢٦ کەس و توشبوونی ٧٥ هەزار و ٦٠٣ کەسی دیکە.

هـ.ب