سەردێڕ:

رۆژنامەیەک: بەشێک لە کوژراوانی هێرشەکانی ئەڵمانیا کوردن

فۆتۆ: 
2020-02-20

12671 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسى ئەڵمانیا رایگەیاند، شەوی ڕابردوو لە دوو رووداوى تەقەکردندا لە نزیک شارى فرانکفۆرت، ١١ کەس کوژران و ژمارەیەکیش برینداربوون و بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەیەکی ئەو وڵاتەش، بەشێک لە کوژراوان بەڕەچەڵەک کوردن و تەرمی تەقەرەکەش لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزاوەتەوە.

رۆژنامەی بیڵد دەیلی ئەڵمانی رایگەیاند، لە رووداوەکەی شەوی رابردووی ئەڵمانیادا کە دەستڕێژی گوللە لە دوو گازینۆ کرا، ١١ کەس کوژراون، کە پێنجیان گەنجن و ژنێکیشیان لە نێودایە. دەشڵێت، بەشێک لە کوژراوەکان بە ڕەچەڵەک کوردن.

پۆلیسى ئەڵمانیا روونیکردووەتەوە، رووداوى تەقەکردنى یەکەم لە نێو گازینۆیەک بووە لە ناوەڕاستى شارۆچکەى هاناو لە نزیک شارى فرانکفۆرت، بەهۆیەوە سێ کەس کوژراون،  پێنح کەسى دیکە برینداربوون.

ئاماژەى بەوەشکردووە، رووداوى دووەمیش لە گازینۆیەکى گەڕەکێکى دیکەى هەمان شارۆچکە بووە و بەهۆیەوە پێنج کەس کوژراون و چەند کەسێکیش برینداربوون.

میدیاکانى ئەڵمانیش بڵاویانکردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ کەس لە بریندارەکان گیانیان لەدەستداوە و ناسنامەى تەقەکەرەکەشیان ئاشکراکردووە کە ناوى تۆبیاسە و کەسێکى راستڕەوى توندڕەوبووە.

بەپێى لێدوانى پۆلیسى ئەڵمانیا، دواتر تەرمی تۆمەتبارەکە لەگەڵ تەرمی کەسێکی دیکەدا لە ماڵی تۆمەتبارەکەدا دۆزراونەتەوە،  لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکان دەستیپێکردووە بەڵام تا ئێستا هۆکارى رووداوەکان نەزانراوە.

پۆلیسی ئەڵمانیا باسی لەوەکردوە، ئەو کەسە هاوڵاتی ئەڵمانیایە و هەڵگری مۆڵەتی چەکهەڵگرتنە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە هۆکاری هێرشەکانی چی بووە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن.

شارۆچکەى هاناو نزیکەى ٢٥ کیلۆمەتر لە شارى فرانکفۆرت دوورە و دەکەوێتە رۆژئاواى ئەڵمانیاوە.