سەردێڕ:

ئێران.. سێ حاڵەتی دیکەی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکران

فۆتۆ: 
2020-02-20

8710 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، سێ کەس لە شارەکانی قوم و ئاراک توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و هاوکات، دوو کەسی دیکەش لە شارۆچکەی بابل لە پارێزگای مازندەرانی ئەو وڵاتە گومانی توشبوونیان لەسەرە و لەژێر چاودێریدان.

ماڵپەڕی بی بی سی فارسی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، کیانوش جەهانپور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاندووە، "لەسەر بنچینەی ئەنجامی پشکنینەکان، دڵنیابوینەتەوە لە توشبوونی دوو کەس لە شاری قوم و کەسێکیش لە شاری ئاراک و لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکیدان."

راشیگەیاند، "ئەو کەسەی خەڵکی شاری ئاراکە، دانیشتوی شاری قوم بووە و کارمەندێکی تەندروستییە."

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی تەندروستیی شارۆچکەی بابل رایانگەیاندووە، دوو کەس گومانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان لەسەرە و لە ئێستادا خەریکی پشکنینی پزیشکین بۆیان.

راشیانگەیاند، "تا ئەنجامی پشکنینەکان نەزانین، ناتوانین دڵنیاببینەوە لەوەی کە توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنان یاخود نا."

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ دوو توشبووی ڤایرۆسەکە لە شاری قومی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا و بەهۆیەوە ئێران بوو بە شەشەم وڵات کە لەدوای چینەوە گیانلەدەستدانی بەهۆکاری ڤایرۆسی کۆرۆنا تێدا تۆماربکرێت و دەوامی سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکانی پارێزگای قومیش لە ئێستادا راگیراون.

ڤایرۆسی کۆرۆنای COVID-19 لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە لە شاری وهانی چین سەری هەڵدا و تەشەنەی کرد، لەو کاتەشەوە هەتا ئێستا بەپێی دوایین ئامارەکان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هەزار و ١٢٦ کەس و توشبوونی ٧٥ هەزار و ٦٠٣ کەسی دیکە.

هـ.ب