سەردێڕ:

سلێمانی.. دەستبەسەر بڕێک دەرمانی نایاساییدا گیرا

فۆتۆ: 
2020-02-18

1715 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامییەتی سلێمانی ڕایگەیاند، لە نۆ شوێندا دەستبەسەر بڕێک دەرمانی نایاساییدا گیراوە، کە بەشێکی زۆریان لە دوکانی جلوبەرگ و پێڵاودا بوون.

قائیمقامییەتی سلێمانی ڕایگەیاند، "لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان هه‌ڵمه‌تێكیان بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ده‌رمانی زیادكردن و كه‌مكردنی كێش و ده‌رمانه‌ سێکسییەکان ده‌ستپێكردووە".

لەو بارەیەوە، له‌شكر حه‌مید سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند، "له‌ هه‌ندێك شوێن ده‌رمانی نایاسایی به‌تایبه‌ت ئه‌و ده‌رمانانه‌ی‌ بۆ زیادكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی كێش به‌كارده‌هێنرێن و ده‌رمانە سێكسییه‌كان ده‌فرۆشرێن، بۆیە لە هەڵمەتێکدا له‌ناو شاری سلێمانی له‌ نۆ شوێندا ده‌ستمانبه‌سه‌ر بڕێكی زۆر له‌و ده‌رمانانه‌دا گرت"، باسی لەوەشکردووە، "رێكاری پێویست له‌گه‌ڵ خاوه‌نه‌كانی گیراوەتەبەر".

ئاماژەی بەوەشكرد، "به‌شێكی ئه‌و ده‌رمانانه‌ له‌ناو دوكانی فرۆشتنی جل و پێڵاودا دانراون و به‌رێگه‌ی جیاواز به‌ هاوڵاتییان ده‌فرۆشرێن"، ڕاشیگەیاند،‌"ئەو ده‌رمانانه‌ به‌ كوالێتی كۆنترۆڵدا تێنه‌په‌ڕیون و پشكنینیان بۆنه‌كراوه‌، بۆیه‌ ستیكه‌ریان پێوه‌ نییه‌".

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان داواشی له‌ هاوڵاتیان كرد، "له‌ رێگه‌ی په‌یجه‌ ئۆنلاینه‌كانه‌وه‌ ده‌رمان نه‌كڕن"، وتیشی، "له‌ هه‌ر شوێنێكیش ده‌رمان ده‌كڕن دڵنیابنه‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌ مۆڵەتی هه‌یه‌ و ده‌رمانه‌كه‌ش ستیكه‌ری لێدراوه‌، چونكه‌ هه‌ر ده‌رمانێك ستیكه‌ری پێوه‌ نه‌بوو نایاساییه‌".

هـ.ئـ