سەردێڕ:

لاهور جه‌نگی و بافڵ تاڵه‌بانی به‌ هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی هه‌ڵبژێردران

فۆتۆ: 
2020-02-18

13931 جار خوێندراوەتەوە

پۆڵا سیروان تاڵەبانی رایگەیاند، لاهور جەنگى و بافڵ تاڵەبانى بە زۆرینەی دەنگى ئەندامانى ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتى بە هاوسەرۆکی یەکێتی دیاریكران.

پۆڵا سیروان تاڵەبانی بە ئین ئاڕ تی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیدا، دوای پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆ، هەریەک لە لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بە هاوسەرۆکانی ئەو حزبە هەڵبژێردران".

هاوكات ماڵپەری فەرمی یەكێتی بڵاویكردەوە، "لاهور جه‌نگی، بە سه‌رۆكی شاندی دانوستانكاری یه‌كێتی له‌گه‌ڵ به‌غدا دیاریکرا و بڕیارە ئێوارەى ئەمڕۆ سەردانى بەغدا بکات".

پێشتر رزگار عەلى، ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆدا بەکۆی دەنگ پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی پەسەندکراو بڕیاریانداوه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێی كاركردن بكه‌نه‌وه‌ هه‌م له‌ ناوخۆی یه‌كێتی و هه‌م بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تری كوردستان و عیراق".

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، لەسەر داوای کۆسرەت ڕەسوڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی، کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی ڕاگیران و تا گەڕانەوەی لە دەرەوەی وڵات، ئەمڕۆش دوای گەڕانەوەی کۆسرەت ڕەسوڵ، سەرکردایەتی کۆبووەوە و پەیڕەوی ناوخۆی نوێی حزبەکەی پەسەند کرد.

ب.ب