سەردێڕ:

​بەغدا.. خۆپیشاندان بەردەوامە و ١٢ خۆپیشاندەر برینداربوون

فۆتۆ: 
2020-02-18

1160 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانەوە لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا ١٢ خۆپیشاندەر برینداربوون.

خۆپیشاندەران ڕایانگەیاندووە، سورن لەسەر داواکارییەکانیان بۆ چاکسازیکردن و دژیەتیکردنی گەندەڵی و بۆ بڵاوەپێکردنیشیان هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە و بەو هۆیەوە ١٢ خۆپیشاندەر برینداربوون و تیمەکانی تەندروستیش بریندارەکانیان چارەسەرکردووە.

هاوکات عەبدولکەریم خەڵەف وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە کەناڵی عێراقیەی رایگەیاند، لە دوای دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر کابینەی حکومەتەکەی محەمەد تۆفیق عەلاوی هێزە ئەمنییەکان هەوڵ نادەن کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن.

ناوبراو وتووشیەتی، خۆپیشاندان مافێکی رەوای هەموو هاوڵاتییانە وەک لە دەستوور و یاسادا هاتووە.

زیاتر لە چوار مانگە لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، خۆپیشاندەران داوای چاکسازیی دەکەن و لەژێر فشارەکانیشیاندا عادل عەبدولمەهدی دەستی لە پۆستی سەرۆک وەزیران کێشایەوە و دواتریش محەمەد توفیق عەلاوی ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکومەت، بەڵام خۆپیشاندەران ڕەتیانکردەوە.