سەردێڕ:

بەشیر حەداد: عێراق بەردەوام دەبێـت لە ناردنی موچەى فەرمانبەرانی هەرێم

فۆتۆ: 
2020-02-18

19845 جار خوێندراوەتەوە

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەو هەواڵانەش کە باس لە راگرتنی موچەی فەرمانبەران دەکەن دوورن لە راستیەوە.

بەشیر حەداد جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "هاوڵاتیان و موچەخۆرانى هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ مەترسیەک لەسەر موچەکانیان نیە و مەترسیش نابێت، چونکە موچەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی بودجەی ساڵی ٢٠١٩ بەردەوام دەبێت، کەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ هاتە ئەنجومەنی نوێنەران ئەوە ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو رێژەیە زیاتر بکەن نەک ئەوەی کە کەم بکرێتەوە".

ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئەو هەواڵانەش کە باس لە راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەن جگە لە پڕوپاگەندە و ترس خستنە دڵی خەڵکی هیچی دیکە نیە، بەهیچ شێوەیەک ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راناگیرێت".

ئەوەى خستووەتەڕوو،" لە رووی ئابوورییەوە عێراق بەردەوامە لە هەناردەکردنی نەوت و لە هەمان کاتیشدا عێراق خاوەنی ٨٠ بۆ ١٠٠ ملیار دۆلارە و هەر بەو پارەیەش دەتوانێت موچەی فەرمانبەرانی خۆی بدات تاوەکو بارودۆخی وڵات بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ى شوباتى ٢٠٢٠ چەند پەرلەمانتارێکى کورد لە پەرلەمانى عێراق بڵاویانکردەوە، کە مەترسى لەسەر ناردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان هەیە لە لایەن حکومەتى عێراقەوە.