سەردێڕ:

وەزیری تەندروستی: هەشت گەشتیاری گەڕاوەی هەرێم لە چین لەژێر چاودێریدان

لە چین گەڕاونەتەوە
فۆتۆ: 
2020-02-17

4778 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، لە کۆی ١٠٤ کەس کە لە وڵاتی چینەوە هاتوونەتەوە هەرێمی کوردستان تەنها هەشت کەسیان لەژێر چاودێریدا ماونەتەوە و ئەوانی دیکە چوونەتەوە ماڵەوە، چونکە هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرنەکەوتووە.

سامان حسێن وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، "ئەو گەشتیارانەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە چینەوە دێنەوە هەرێمی کوردستان دەخرێنە ژێر چاودێری پزیشکييەوە، لەماوەی رابردووشدا ١٠٤ کەس خراونەتە ژێر چاودێرییەوە، کە ٦٦ کەسیان هاوڵاتی عێراق و هەرێم بوون و ٣٨ کەسیشیان هاوڵاتی چین بوون."

لە کۆی سەرجەم ئەو کەسانەی خراونەتە ژێر چاودێرییەوە تەنها هەشت کەسیان ماوەی ١٤ ڕۆژەکەیان تەواو نەکردووە و لە ژێر چاودێریدان و ئەوانی دیکەش ڕەوانەی ماڵەکانیان کراونەتەوە، چونکە هیچ نیشانەیەکی نەخۆشیەکەیان تێدا دەرنەکەوتووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "تا ئێستا ڕێگە بە هاوڵاتیيانی چینی نادرێت بێنە هەرێمی کوردستان و بۆ ڕێگریکردن لەوەی نەخۆشییەکە بێتە هەرێمی کوردستان هیچ رێکارییەکیان بۆ ناکرێت."

ئەمە لەکاتێکدایە، تا ئێستا لە دەرەوەی وڵاتی چین، لە وڵاتەکانی فلیپین، هۆنگ کۆنگ ، ژاپۆن، فەڕەنسا و تایوان پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای ٢٠١٩، تۆمارکراون.

ڤایرۆسی کۆرۆنای COVID-19 لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە لە شاری وهانی چین سەری هەڵدا و تەشەنەی کرد، لەو کاتەشەوە هەتا ئێستا بەپێی دوایین ئامارەکان بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی هەزار و ٧٧١ کەس و ژمارەی توشبووانیش ٧٠ هەزار و٥٠٠ کەسى تێپەڕاندووە.