سەردێڕ:

ئاسایشی گەرمیان: شەش کەس لەسەر ڕفاندنی شۆفێرەکان دەستگیرکراون

فۆتۆ: 
2020-02-17

9135 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان رایگەیاند، لەسەر دۆسیەی رفاندن و شاردنەوەی سێ شۆفێر لە چاڵێکدا لە گەرمیان بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ١١ کەس دەرچووە و تا ئێستا شەشیان دەستگیرکراون.

عوسمان عەبدولکەریم، وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، "ئەو سێ شۆفێرەی لە نزیک ناحیەی قادرکەرەم ڕفێندران، دوای ١١ ڕۆژ لە تونێلێکدا لە گوندێکی سنوری ناحیەی سەرقەڵا دۆزراونەتەوە و لەسەر دۆسیەکەش فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ١١ کەس دەرچووە کە هاوڵاتی سنورەکەن و کردەوەکەش تیرۆریستی نەبووە و بۆ دەستخستنی پارەبووە."

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "لە کاتێکدا چوونەتە ناوچەکە بۆ بەهاناوەچوونی شۆفێرەکان، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە لە ئۆتۆمبێلێکەوە تەقە لە هێزەکانی ئاسایش کراوە و دواتر دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گیراوە و شۆفێرەکەشی دەستگیرکراوە."

ئەو سێ شۆفێرەی لە چاڵەکەدا زیندانیکراون، یەکێکیان کوردە و دوانیان عەرەبن، لە ماوەی ١١ ڕۆژی مانەوەیاندا تەنها ئاو و خورمایان پێدراوە و لە ئێستاشدا دۆخی تەندروستییان جێگیرە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ ئاسایشی ناحیەی سەرقەڵا ڤیدیۆی تونێلەکەی بڵاوکردەوە و دواتر دەرکەوت سێ رفێندراوەکە دوای ١١ رۆژ لە دەرفەتێکدا هەڵاتوون و خۆیان گەیاندووەتە دەست ئاسایشی ناوچەکە.

ب.ب