سەردێڕ:

پزیشکێک زیانەکانی بەکارهێنانی ئەنتی بایۆتیکەکان ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-02-17

6522 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکێک زیانەکانی بەکارهێنانی ئەنتی بایۆتیکەکان ئاشکرا دەکات و باس لەوە دەکات، لە هەندێک باردا کەسەکان ئەنتی بایۆتیک کاریان تێناکات و بەکتریاکان لەناو ناچن.

چالاک بەرزنجی پزیشکێکی کوردە و دەربارەی هەڕەمەکی یان زۆر بەکارهێنانی ئەنتی بایۆتیک (دژە بەکتریاکان) دەڵێت، "زاراوەی ئەنتی بایۆتیک ڕێزیستنس، واتا ئەو بەکتریایانە بەرگری پەیدادەکەن لە ئاستی ئەو ئەنتی بایۆتیکەی بەکاری دەھێنیت، کەسەکە وای لێدێت کە ھیچ جۆرە ئەنتی بایۆتیکێک ناتوانێت چارەسەری بکات، کە بە چەند رێگایەکە لەوانە،  ئەگەر کەسێک بە ناشارەزایی و بەبێ ڕێنمایی پزیشکیی ئەنتی بایۆتیک بەکاربهێنێت، یان بە نیوەچڵی بەکاریبهێنێت و کۆرسەکەی تەواو نەکات".

دەشڵێت، "هۆکاری دیکەش هەیە بە نمونە، ئەگەر کەسێک لە کاتی خۆیدا و بە ڕێکی بەکاری نەھێنێت یان تووشی درمی ڤایرۆسی بووبێت و بەکاریبهێنێت، چونکە ھیچ کاریگەرییەکی نییە بۆ درمی ڤایرۆسی، لە کاتێکدا زۆربەی درمەکان ڤایرۆسین نەک بەکتریایی".

دەربارەی مەترسیداریی ئەنتی بایۆتیکەکانیش باس لەوە دەکات، منداڵان و بە تەمەنەکان زیاتر مەترسیدارن چونکە بەرگری لەشیان لاوازترە بە بەراورد بە کەسێکی پێگەیشتوو، ئاماژەی بەوەشكردووە، "بۆ ھەر پێنج توشبوویەکی نەخۆشی شێرپەنجە، یەکێکیان لەگەڵ جۆرەکانی دیکەی چارەسەر، پێویستییان بە بەکارھێنانی جۆرێک لە ئەنتی بایۆتیکە".

لەو بارەیەوە باسی لە چەند هۆشیارییەکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کردووە و ڕایگەیاندووە، "بەپێی توێژینەوەیەکی درێژخایەن و زانستی ئەو ڕێکخراوە، مەترسییەکە بەشێوەیەکە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٥٠دا ژمارەی گیانلەدەستدان بەھۆی ئەنتیبایۆتیک ڕێزستنس بگاتە ١٠ ملیۆن لە سالێکدا کە ئەو ژمارەیە زیاترە لە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی شێرپەنجەوە دەمرن".

ڕاشیگەیاندووە، "وڵاتانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا سەرەڕای پێشکەوتوویی و سیستەمی تەندروستییان، بەردەوام پزیشکەکانیان ئەپدەیت دەکەنەوە، تا دڵنیا نەبن کەسێک توشی نەخۆشی بەکتریایی بووە بە ھیچ شێوەیەک نابێت ئەنتیبایۆتیک بدەن بە نەخۆشەکانیان، ھاولاتییانی ئەو ولاتانەش بە بێ ڕەچەتەی پزیشک ناتوانن لە دەرمانخانەکان دەستیانبکەوێت".

لەوبارەیەوە لەسەر دۆخی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، "کوردستان وەک ئەوەی لە جیھانێکی دابڕاو بێت، خۆمان بێئاگاکردووە لەو مەترسییە، لە کاتێکدا ئەمە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مرۆڤدۆستی پزیشکانە، کە کاریان لەسەر کەمکردنەوەی ئەم مەترسیە بکردایە، بەڵام بە پێچەوانەوە ھەندێکیان خۆیان ھۆکارن لەوەی ئەگوزەرێت لە کوردستان".

دەشڵێت، "بەھۆی ئەو بێ سەروبەرییە و ئەو ئاسان دەستکەوتنی دەرمان لە دەرمانخانەکان و نەبوونی ڕۆشنبیری تەندروستی، ڕێژەیەکی زۆر بەرز لە تاکەکان تووشی ئەم مەترسییە بوون بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن".

هاوکات، باس لە هەنگاوەکانی چارەسەری ئەو مەترسییەش دەکات و دەڵێت، "پێویستە بکرێت بە یاسا، کە نابێت جگە لە پزیشک ھیچ دەرمانخانە و کۆگایەک ئەنتی بایۆتیکس بدات بە نەخۆش بەبێ ڕەچەتەی پزیشک"، هەروەها، "پزیشکەکان تا دڵنیا نەبنەوە لەوەی کەسەکە تووشی بەکتریا بووە ئەنتی بایۆتیکس نەنووسن بۆ نەخۆش و پزیشک و دەرمانخانەکان ئەوە بۆ نەخۆش ڕوونبکەنەوە کە ھەڵامەت و سەرمابوون و ئەنفلۆنزا و زۆربەی لەرزوتای قوڕگ ئێشان و ھەوکردنی سنگ درمی ڤایرۆسین و ئەنتی بایۆتیکس نەک سودی نابێت، بەڵکو زیانیشی دەبێت".

باسی لەوەشكردووە، "پێویستە پزیشک کاتێک ئەنتیبایۆتیکس بۆ نەخۆشەکەی دەنووسێت، زانیاری تەواو بە نەخۆشەکەی بدات کە نابێت بەبێ تەواوکردنی کۆرسی دەرمانەکە واز لە بەکارھێنانی بهێنێت، چونکە مەترسیدارە و جارێکی دیکە ئەو بەکتریایە سەرھەڵئەداتەوە و چارەسەری ئاسان نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە تاکەکان ھوشیاربکرێنەوە لە بارەی مەترسییەکانی ئەنتی بایۆتیکس".

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەو پزیشکە ڕایگەیاندووە دەیەوێت بەهاوکاری هەندێک دەزگا و میدیاکان کەمپینێک لە دژی هەڕەمەکی یان زۆر بەکارهێنانی ئەنتی بایۆتیکەکان دەستپێبکات.

هـ.ئـ