سەردێڕ:

گەرمیان.. سێ کەسی رفێندراو بە زیندوویی لە تونێلێکدا دۆزرانەوە

فۆتۆ: 
2020-02-17

19471 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، سێ کەس رفێندراون و براونەتە گەرمیان و لە ناوچەی داودە و زەنگەنە لە تونێلێکدا و لەژێر زەوییەکی کێڵراودا دەستبەسەرکراون، بەڵام دواتر دۆزراونەتەوە.

گەرمیان حەمەی پور، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە گەرمیان رایگەیاند، "تونێلەکە دەرگایەکی زۆر بچوکی هەبووە و لەو ماوەیەدا کە تێیدا ماونەتەوە، تەنیا خورمایان پێدراوە."

راشیگەیاند، "دوان لە رفێندراوەکان عەرەبن و یەکێکیان کوردە و هەرسێکیان نیشتەجێی شاری هەولێرن."

باسی لەوەشکرد، "سەرەتا ئاسایشی ناحیەی سەرقەڵا ڤیدیۆی شوێنەکەی بڵاوکردووەتەوە کە رون نییە ئایا ئەو ساتەیە رزگاریان دەکەن یاخود کەسەکان خۆیان هەڵاتوون و دواتر ئاسایشیان لە روداوی رفاندنەکەیان ئاگادارکردووەتەوە."

ئاماژەی بەوەشدا، "روون نییە رفێندراوەکان کەسانی ئاسایین یاخود بەرپرسیارێتییان هەیە."

ئەوەشی وت، "ئاسایشی ناوچەکە رەتیکردووەتەوە کاری گروپە چەکدارەکان بێت و پێیانوایە کە رفێنەرەکان خەڵکی ناوخۆیین."

روونیشیکردەوە، "بڕیارە سبەینێ هەم ئاسایشی گەرمیان و هەم رفێندراوەکانیش زانیاریی ورد لەسەر رووداوەکە بخەنەڕوو."

هـ.ب