سەردێڕ:

​سلێمانی.. هێشتا قەیرانی غازی ئۆتۆمبێل چارەسەرنەکراوە

فۆتۆ: 
2020-02-16

1796 جار خوێندراوەتەوە

نرخی یەک لیتر غازی ئۆتۆمبێل لە ٣٠٠ دینارەوە بۆ ٤٥٠ دینار بەرزبووەتەوە و ئەمەش نیگەرانی شۆفێرانی لێکەوتووتەوە.

هەرچەندە خەریکه قەیرانی غازی ماڵان لە شاری سلێمانی چارەسەر دەبێت، بەڵام قەیرانی گرانی غازی ئۆتۆمبێل بەردەوامی هەیە  و نرخی یەک لیتر غازی ئێڵ پی جی لە ٣٠٠ دینارەوە بۆ ٤٥٠ دینار بەرزبووەتەوە، ئەمەش بارگرانی بۆ ئەو شۆفێرانە دروستکردوە کە سوتەمەنی غاز بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان بەکاردەهێنن.

 شۆفێرێکی تەکسیش بەرزبوونەوەی نرخی غاز بۆ بێ پلانی و قۆرخکاری دەگەرێنێتەوە.

  شۆفێرێکی پاسیش سەرەرایی نیگەرانی لە گرانبوونی نرخی غاز لەوەش نیگەرانە کە بە ئەستەم غازی دەستدەکەوێت.

بە پێی زانیارییەکان نرخی بازرگانی یەک تەن غاز زیاتر لە ٨ سەد هەزار دیناری عێراقییە، جگە لە کێڵگەی کۆرمۆر لە شاری کەرکویشەوە کە غازی بازرگانی هاوردە دەکرێت.

وتەبێژی بەنزینخانە ئەهلییەکانی سلێمانییش هۆکاری گرانی نرخی غاز بۆ کەمی بڕی غازەکە دەگێریتەوە و باس لەوەش دەکات لە ڕۆژانی داهاتوودا نرخەکە ئاسایی دەبێتەوە.

 هەوڵەکانی لیژنەى وزەو سامانە سروشتیەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی غاز بەردەوامە. سەرۆکی لیژنەکەش هۆکاری قەیرانەکە بۆ ململانێی ئەو دوو کۆمپانیایە دەگەڕێنیتەوە کە گرێبەستی گواستنەوەی غازی کێڵگەی کۆرمۆریان پێ سپێردراوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی گرانی نرخی بەنزین و خراپی کوالیتیەکەیەوە سەدان هاولاتی سیستمی کارکردنی ئۆتۆمبێلەکانیان لە بەنزینەوە گۆڕی بۆ سیستمی غاز. ئێستاش نرخی غاز بەرزبووەتەوە.