سەردێڕ:

چی وایکردووە ترەمپ متمانەی بە هاوکارەکانی نەمێنێت؟

فۆتۆ: 
2020-02-16

3289 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، دوای رزگاربوونی ترەمپ لە پرۆسەی لێپێچینەوەکەی، لە ئێستادا ئەو سەرۆکە گومانێکی زۆری لە کارمەند و هاوکارەکانی لە کۆشکی سپیدا هەیە.

میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، ئەگەرچی لە ماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گومانی بەرامبەر کارمەندان و هاوکارەکانی لە کۆشکی سپی و لە ئیدارەکەیدا هەبووە، بەڵام لە دوای پرۆسەی لێپێچینەوەکەی، ئەو سەرۆکە  توشی جۆرێک لە گرفتی دەروونی بووە کە بە "پارانۆیا" ناسراوە.

پارانۆیا بریتییە لە نەخۆشییەکی مێشکیی کە تێیدا، توشبوو هەستدەکات هەمووان لە دژی دەوەستنەوە و پلانی بۆ دادەنێن.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کاتی لێپێچینەوە لە سەرۆکی ئەمریکا لە ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانی وڵاتەکەیدا، چەندین کارمەند و هاوکاری ترەمپ هاتن و شایەتییان لەسەریدا کە هەندێک لە شایەتەکان تاوانبارکران و لە کۆشک دەرکران.

باس لەوەشکراوە، دۆناڵد ترەمپ دەستیکردووە بە دوورخستنەوەی ئەو کارمەندانەی گومانی لێیان هەیە و هێنانی ئەوانەی متمانەی پێیانە.

لە ماوەی رابردووشدا، وەکو ئاماژەیەک بۆ بڵاوبوونەوەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ڤۆلۆدمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ترەمپ رایگەیاندبوو، "کاتێک قسە لەگەڵ سەرۆکی وڵاتێکدا دەکەم، خەڵک هەیە گوێم لێدەگرن، ئەوەش بۆ شکۆی وڵاتەکەمان باش نییە و من دەتوانم کۆتایی بەوە بهێنم."

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە چەند مانگی رابردوودا، پرۆسەی لێپێچینەوە لە ترەمپ بەڕێوەچوو و کە لە کۆتاییدا بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا، بێبەرییکرا لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کرابوو.

هـ.ب