سەردێڕ:

تایوان.. یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا تۆمارکرا

فۆتۆ: 
2020-02-16

4919 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری تەندروستیی تایوان رایگەیاند، یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستان بەهۆی کۆرۆناوە لە وڵاتەکەدا تۆمارکراوە و بەوەش، تایوان بووە پێنجەم وڵات کە لە دوای چینەوە حاڵەتی گیانلەدەستدانی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تێدا تۆماربکرێت.

ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، چێن شی چونگ، وەزیری تەندروستیی تایوان رایگەیاندووە، "ئەو کەسەی بەهۆی کۆرۆناوە گیانیلەدەستداوە پیاوێکی ٦١ ساڵ بووە و شۆفێری تاکسی بووە کە بەم دواییانە گەشتی دەرەوەی وڵاتی نەکردووە، بەڵام سەرنشینەکانی زیاتر خەڵکی هۆنگ کۆنگ و چین بوون."

راشیگەیاندووە، "یەکێکی دیکە لە ئەندامانی خێزانی ئەو پیاوەی گیانیلەدەستداوە توشی ڤایرۆسەکە بووە."

لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ یەکەمین حاڵەتی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە فەڕەنسا تۆمارکرا کە هاوکات بە یەکەم حاڵەتیش دێت لە هەموو ئەوروپادا و چوارەم لە دوای وڵاتی چینی سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا لە دەرەوەی وڵاتی چین، لە هەریەک لە وڵاتەکانی فلیپین، هۆنگ کۆنگ ، ژاپۆن، فەڕەنسا و تایواندا حاڵەتی گیانلەدەستدان بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای ٢٠١٩، تۆمارکراون.

کۆرۆنا چەند جۆرێکی هەیە و نوێترینیان بە فەڕمی بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای ٢٠١٩ ناونراوە، ئەوەش چونکە سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٩دا بڵاوبووەوە.

هـ.ب