سەردێڕ:

چین.. تا ئێستا هەزار و ٥٢٦ کەس بەهۆى کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە

بەراورد بە دوێنێ ژمارەى توشبووان کەمیکردووە
فۆتۆ: 
2020-02-15

4504 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی نوێترین ئامار ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ هەزار و ٥٢٦ کەس و ژمارەی توشبووانیش بۆ ٦٧ هەزار و ١٠٢ کەس بەرزبووەتەوە.

بەگوێرەى نوێترین ئامار کە دەسەڵاتدارانى چین رایانگەیاندووە، لە دوێنێوە تا ئێستا نزیکەى ١٤٠ حاڵەتى نوێی گیان لەدەستدان تۆمارکراون و  دوو هەزار و ٤٢٠ کەسیش توشی ڤایرۆسەکە بوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، بە بەراورد بە دوێنێ ژمارەى توشبووان بە ڤایرۆسەکە کەمتربوونەتەوە، هەروەها تائێستا هەشت هەزار و ٢٩٠ کەسیش چارەسەریان بۆکراوە.

 ئەوەش لەکاتێکدایە، تائێستا، ڤایرۆسى کۆرۆنا بە ٣١ وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش بەهۆى مەترسیی ڤایرۆسەکە بۆ تەواوى دانیشتووانى سەر زەوى، باری نائاسایی ڕاگەیاندووە و بە یەکەمین هەڕەشەى بۆ سەر مرۆڤایەتیی ناوبردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە زیاتر بووە لە ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای سارسەوە، کە لە ساڵەکانی ٢٠٠٢ – ٢٠٠٣دا بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی ٨٠٠ کەس لە سەرانسەری جیهاندا.

ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند جۆرێکی ھەیە و ئەم جۆرە نوێیەی بەشێوەیەکی کاتیی بە (٢٠١٩ Novel Coronavirus) ناونراوە و کورتکراوەتەوە بۆ (٢٠١٩-nCoV). ئەوەش بە مانای ڤایرۆسێکی کۆرۆنای نوێی پێشتر نەبینراو دێت کە مێژووی درووستبوونەکەی بۆ ساڵی ٢٠١٩ دەگەڕێتەوە.

ئ.ر