سەردێڕ:

بەغدا.. خۆپیشاندەرێك لە گۆڕەپانی تەحریر كوژرا

فۆتۆ: 
2020-02-14

1572 جار خوێندراوەتەوە

لە گۆرەپانی تەحریری شاری بەغدا خۆپیشاندانەكان گرژی لێكەوتەوە و چەند چەكدارێكی نەناسراو تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد و بەوهۆیەشەوە كەسێك كوژرا و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.

میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ هەینی لە گۆڕەپانی تەحریر جارێكی دیكە هێرشكراوەتە سەر خۆپیشاندەران و بەهۆی تەقەی چەكدارانی نەناسراویشەوە كەسێك كوژراوە و ژمارەیەك خۆپیشاندەری دیكەش بە چەقۆ و دار و چەند هۆكارێكی دیكەی توندوتیژی برینداركراون.

ئاماژە بەوەشكراوە، جگە لە حاڵەتەكانی كوشتن و برینداربوون ئەمڕۆ خێمەی خۆپیشاندەرانیش تێكدراون و تەنانەت هێرشكراوەتە سەر خێمەی تیمە پزیشكییەكانیش.

سەرچاوەكان باس لەوەشدەكەن، زۆربەی ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی دەكرێنە سەر خۆپیشاندەران لەلایەن چەكدارەكانی نەهێشتنی ئاژاوەوە ئەنجامدەدرێن.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لە سەرەتای مانگى تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق سەریهەڵداوە و بەپێی ئامارێکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، تا ئێستا ٣١ چالاکوان و زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون، هاوکات زیاتر لە ١٣ هەزار کەسیش برینداربوون.