سەردێڕ:

لیستی ئەو خواردنانەی کاری هەناو باشتر دەکەن

فۆتۆ: 
2020-02-14

14655 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکانی بواری نەخۆشییەکانی هەناو لیستێکی خواردنیان دیاریکردووە کە یارمەتیدەرن بۆ باشترکردنی کاری هەناو و دووبارە دروستبوونەوەی ناوپۆشی هەناو.

لە بابەتێکدا، ماڵپەڕی "روسیا تودەی" ئاماژەی بەوەکردووە، لیستێک لەلایەن پسپۆڕانی بواری خۆراك و نەخۆشییەکانی هەناوەوە دیاریکراوە کە گوێزی هیندی، نەعنا، لیمۆ و شاتووی سوور دەگرێتەوە.

ئەمەش بەهۆی ئەوەی گوێزی هیندی و ئەو شیرەی تێیدایە دژە کەڕوو و ڤایرۆسە، نەعنا یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی ئاوسان و گرژبوونی قۆڵۆن و هەناو ئارامدەکاتەوە و ئاوسانی سك و قەبزیی ناهێڵێت.

هەروەها بەهۆی ئەوەی پەیوەندی هەیە لە نێوان کەمبوونەوەی ڤیتامین D لە جەستەدا و تووشبوون بە نەخۆشییەکانی قۆڵۆن، بۆیە دەبێت ئەو ماسییانە بخورێت کە دەوڵەمەندن بە ترشی ئۆمیگا-٣.

شاتووی سوریش بڕێکی زۆر لە ریشاڵەکانی تێدایە و ئەگەر بە بەردەوامی بخورێت ئەوا تەواوی ریشاڵەکان بۆ پێویستی جەستە دابین دەکات و بەم شێوەیەش یارمەتیدەرە لە چارەسەری قەبزیی.

لیمۆ دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C کە هاوسەنگی بەکتریا لە جەستەدا رێكدەخات و یارمەتیدەرە لە بەرهەمهێنانی کۆلاجین کە پێویستە بۆ پارێزگارییکردن لە ئەندامەکانی هەناو.