سەردێڕ:

میسر.. یەکەم حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکرا

فۆتۆ: 
2020-02-14

3610 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی میسر رایگەیاند، یەكەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمارکراوە. دەشڵێت، توشبووەکە کەسێکى بیانییە.

خالید موجاهید وتەبێژی وەزارەتى تەندروستیی میسر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی ئەو پلانە خۆپارێزییەی وڵاتی میسر بۆ پشكنینی ئەو كەسانەی دێنە ئەو وڵاتەوە گرتویەتییەبەر، ئەمڕۆ هەینی تیمەكانی پشكنین یەكەم حاڵەتی توشبوونی بەو ڤایرۆسە تۆمارکردووە و دەستبەجێ کەسەکە ڕەوانەى نەخۆشخانەى تایبەت بەو ڤایرۆسە کراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەرچەندە ئەو كەسە هیچ نیشانەیەكی توشبوونی پێوە دیار نییە، بەڵام بەهۆی ئەو میكانیزمە پێشكەوتووەی میسر بۆ پشكنین جێبەجێیدەكات توانراوە ئەوە بزانرێت كە ئەو كەسە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە.

لەبارەى رەگەزنامەى ئەو توشبووەوە بەیانەمەکەى وەزارەتى تەندروستى میسر تەنها ئاماژەى بەوەکردووە کە کەسەکە میسرى نییە و خەڵکى یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ڤایرۆسەکە تێیدا بڵاوبووەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی نوێترین ئامار ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ هەزار و ٣٨٣ کەس و ژمارەی توشبووانیش بۆ ٦٤ هەزار و ٤٤٢ کەس بەرزبووەتەوە، دەسەڵاتدارانى چین رایانگەیاندووە، لە دوێنێوە تا ئێستا زیاتر لە ١٢٠ حاڵەتى نوێی گیان لەدەستدان تۆمارکراون و  زیاتر لە چوار هەزار و ٨٠٠ کەسیش توشی ڤایرۆسەکە بوون.