سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی عێراق: کابینەکەی عەلاوی ئامادەیە

فۆتۆ: 
2020-02-14

4832 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی كوتلەی بەیارق خەیر لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، محەمەد تۆفیق عەلاوی كابینەی حكومەتەكەی پێكهێناوە و ئەگەر سبەی پەرلەمان كۆببێتەوە ئەوا دەنگى لەسەر دەدات.

محەمەد خالیدی، سەرۆكی كوتلەی بەیارق خەیر و نزیك لە محمەد تۆفیق عەلاوی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی شەرقئەوسەت رایگەیاندووە، "لە ئێستادا كابینەی حكومەتەكەی عەلاوی پێكهێنراوە و ئامادەیە بۆ ئەوەی پەرلەمان دەنگ لەسەر ناوی وەزیرەكان بدات."

دەشڵێت، "ئەگەر سبەی پەرلەمان كۆببێتەوە، ئەوا پرۆسەی دەنگدان لەسەر پێكهاتەی كابینەكە و ناوی وەزیرەكان بەڕێوەدەچێت."

باسی لەوەشكردووە، ململانێكانی ئێستای عێراق لە نێوان پێكهاتەكاندا نییە، بەڵكو ململانێی لایەنە سیاسییەكانە بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی حزبی و وەرگرتنی پۆستە حكومییەكان."

لەبارەی میكانیزمی هەڵبژاردنی وەزیرەكانیش خالیدی رایگەیاندووە، عەلاوی ناوی نزیكەی ١٠٠ كەسایەتی لە پێكهاتە و لایەنە جیاوازەكانەوە بۆ هاتووە و ئەویش ٢٢ كەسایەتی بۆ وەزارەتەكان پەسەندكردووە، لە گەڵ ئەوەی بۆ هەندێك وەزارەت ناوی زیاتر لە كاندیدێكی ئامادەكردووە بۆ ئەوەی لەكاتی رەتكردنەوەی یەكێكیان لەلایەن پەرلەمانەوە، كاندیدی دیكە جێگەی بگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، عەلاوی لیستی ناوی وەزیرەكانی بۆ هیچ كەس لە دەوروبەرەكەی نەخستووەتەڕوو، تائێستا بەشێوەی نهێنی لای خودی خۆی پارێزراون.

سەبارەت بە بوونی دەستی حزبەكانی عێراق لە پێكهاتەی حكومەتەكەی عەلاویدا، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "عەلاوی لە پێكهێنانی كابینەكەیدا هەوڵیداوە دڵی پێكهاتەكانی عێراق رازیبكات و رێگە لە حزبەكانیش بگرێت هەژمونی خۆیان بەسەر حكومەتەكەدا زاڵ بكەن.

ئەمەش لەكاتێكدایە، دوای پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی عێراق و فراوانبونی خۆپیشاندانەكان لە بەغدا و شارەكانی دیكە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە و دواتر، لە یەكی ئەم مانگەدا لەلایەن سەرۆككۆمارەوە، محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق راسپێردرا.