سەردێڕ:

هەولێر.. دوو كەس بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیركران

فۆتۆ: 
2020-02-14

4125 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، پاش دزینى ئۆتۆمبێلێکى جۆرى تویۆتا یارس لەلایەن کەسێکەوە، توانرا لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا ئۆتۆمبێلەكە بدۆزرێتەوە و دوو تۆمەتباریش دەستگیربكرێن.

بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "پاش ئاگادارکردنەوەى تیمەکانى پۆلیس لە دزینى ئۆتۆمبێلێکى جۆرى تویۆتا یارس لە گەڕەكی ئازادی شارى هەولێر لەلایەن هاوڵاتییەکى بە رەگەز ئێرانى، پاش لێکۆڵینەوە، توانرا لە ماوەى چەند کاتژمێرێکدا دوو تۆمەتبار دەستگیربکرێن و ئۆتۆمبێلەكەش رادەستی خاوەنەكەی كرایەوە."

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئۆتۆمبێلەكە لە لایەن هاوڵاتییەكی بە رەگەز ئێرانی دزرابوو و دواتریش بە لایەنی دووەمی فرۆشتبووەوە، بۆیە دوو تۆمەتبار بە ناوەكانی (ع.ح.م) و (ا.ع.ح) لە ئێستادا بە بڕیارى دادوەر بەندکراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، دادخواز سكاڵای یاسایی دژی تۆمەتباران تۆماركرد، بۆیە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم مەبەستە كرایەوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی رایگەیاند، باندێکی گەورەی دزیکردن، کە لە نۆ کەس پێکھاتوون، لە چەمچەماڵ دەستگیرکران کە چەندین چەک و کەرەسەتەی سەربازیی و سێ ئۆتۆمبێلیشیان پێگیراوە.