سەردێڕ:

هێزی ئاسمانی ئەمریكا لە بارەی لەچک و ڕیشەوە بڕیارێکى نوێی دەرکرد

فۆتۆ: 
2020-02-14

22528 جار خوێندراوەتەوە

هێزی ئاسمانی ئەمریكا ڕایگەیاند، بە فەڕمی ڕێگەی بە ژنانی فڕۆكەوان داوە سەرپۆش بپۆشن و پیاوانیش دەتوانن ڕیش بهێڵنەوە.

گۆڤارى ئایەر فۆرسی ئەمریكی بڵاویكردەوە، "هێزی ئاسمانی ئەمریكا لەمیانەی ئەو گۆڕانكارییانەی لە ڕێنماییە فڕۆكەوانییەكاندا كردویەتی، ڕێگەی بەو فڕۆكەوانانە داوە كە بە هۆكاری ئاینی یاخود تەندروستی دەیانەوێت حیجاب بپۆشن."

هاوكات ئەو فڕۆكەوانانەش كە بە هۆكاری ئاینی یاخود هەر هۆكارێكی دیكە دەیانەوێت ڕیشیان بهێڵنەوە، ڕێگەیان بۆ ئەو كارە پێدەدرێت، كە پێشتر هەریەكە لە پۆشینى حیجاب بۆ ژنە فڕۆكەوان و هێشتنەوەی ڕیش بۆ پیاوانی فڕۆكەوان لە هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە قەدەغە بوو.

گۆڤارەکە، کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەى هەواڵەکانى هێزى ئاسمانى ئەمریکا ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئەو سەرپۆشەی ژنە فڕۆكەوانەكان دەیپۆشن پێویستە لەڕووی ڕەنگ و چۆنێتییەوە لەگەڵ جلوبەرگی فەرمی فڕۆكەوانیدا بگونجێت، سەبارەت بە ڕیشی فڕۆكەوانانیش نابێت لە دوو سانتیم و نیو زیاتر بێت."

ئەوەش لەكاتێكدایە، بە پێی ئامارەكانی ساڵی ٢٠١٥ ژمارەى ئەو مسوڵمانانەى لە هێزى ئاسمانى ئەمریکادا کار دەکەن ٥٨٩٦ کەسن، ئەوەش ڕێژەی %٠,٤٥ ى سوپاى ئەو وڵاتە پێکدێنن کە ژمارەیان زیاتر لە یەک ملیۆن سەربازە.