سەردێڕ:

ئەڵمانیا.. ئەمڕۆ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەرێوەدەچێت

زیاتر لە ٤٥٠  نوێنەری وڵاتان بەشدارن
فۆتۆ: 
2020-02-14

857 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ٥٦هەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە وڵاتی ئەڵمانیا و بە بەشداری زیاتر لە ٤٥٠ نوێنەری وڵاتان بەرێوەدەچێت و پرسە گرنگە جیهانییەکان تاوتوێ دەکرێت و سەرۆک وەزیرانی هەرێمیش بەشدار دەبێت.

ئەمڕۆ ١٤ی شوباتی ٢٠٢٠، بە مەبەستى بەشداریکردن لەو کۆنفرانسەدا سەدان بەرپرسی وڵاتان لە سەرۆک وەزیر و وەزیری بەرگری و دەرەوەی وڵاتانی بەشداربوو دەگەنە شاری میونشن.

وا بڕیارە ئەو وڵاتانە پرسەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، دۆخی سووریا، کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل،  دۆخی ئەفغانستان و کێشەکانی ئێران تاوتوێ بکەن.

هاوکات مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و مارک ئێسپەر وەزیری بەرگریی ئەمریکا و جەیمس جێفری، نوێنەری ئەمریکا بۆ سوریا گەیشتنە ئەڵمانیا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتى هەرێم گەیشتە ئەڵمانیا بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەدا و وا بڕیارە  چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانى وڵاتان بکات.