سەردێڕ:

واشنتنپۆست: ئەمریکا و ئەڵمانیا سیخوڕییان بەسەر سەدان وڵاتەوە کردووە

فۆتۆ: 
2020-02-13

2149 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی واشنتنپۆست بڵاویکردەوە، ھەریەک لە ئەمریکا و ئەڵمانیای رۆژئاوای پێشوو لە رێگەی کۆمپانیای کریپتۆ AGوە، بۆ دەیان ساڵ سیخوڕییان بەسەر زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی دنیاوە کردووە.

رۆژنامەی واشنتنپۆست، لەژێر ناونیشانی "کودەتای ھەواڵگریی سەدە"دا راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ھاتووە، کۆمپانیای کریپتۆ AG، پێداویستی ھەواڵگریی فرۆشتووە و بارەگاکەی لە سویسرایە. سی ئای ئەی ئەمریکا و ھەواڵگریی ئەڵمانیای رۆژئاوای جاران، کۆمپانیاکەیان بەکارھێناوە بۆ مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاریی و خوێندنەوەی ئەو ئامێرە ھەواڵگرییانەی کۆمپانیاکە بە وڵاتانی دیکەی فرۆشتووە.

ئەوەش ھاتووە، لەو وڵاتانەی کۆمپانیاکە ئامێر و پێداویستی ھەواڵگری پێفرۆشتوون، ھەریەک لە ئێران، ھیندستان، پاکستان، عێراق، كوەیت، سوریا، سعودیە، ئوردون، توركیا، ئەنجومەنە سەربازییەكانی ئەمریكای لاتین و گروپە چەکدارە ناحکومییەکان و ڤاتیکانیشی تێدایە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەرکەوتووە کۆمپانیای کریپتۆ AG سەر بە ھەواڵگریی ئەمریکا، سی ئای ئەی بووە و بە نھێنی لەگەڵ ھەواڵگریی ئەڵمانیای رۆژئاوادا خاوەندارێتییان کردووە.

باس لەوەشکراوە، تا ئێستا ھیچ یەکێک لەو وڵاتانەی ئامێری ھەواڵگرییان لە کۆمپانیاکە کڕیوە، نەیانزانیوە کە بە کڕینی ئامێرەکان، ھەم پارەیان بە سی ئای ئەی داوە و ھەم زانیاریی و نھێنی وڵاتەکانیشیان.

ھەر لە راپۆرتەکەی واشنتنپۆستدا ھاتووە، لە ساڵی ١٩٧٨دا، کاتێک ئەنوەر سادات، سەرۆکی ئەوکاتەی میسر لە کەمپی دەیڤد لەگەڵ جیمی کارتەر، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکادا لەبارەی ئاشتی نێوان میسر و ئیسرائیل کۆبوونەتەوە، دەزگای ھەواڵگریی نیشتیمانی ئەمریکا لە رێگەی ئامێرەکانی کریپتۆ AGوە کە بەو وڵاتەی فرۆشتبوو، چاودێریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی سەرۆکی میسریان بۆ بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکەی لە قاھیرە کردووە.

ھاوکات، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەکە کەوتووە، لە ساڵی ١٩٧٩دا، کاتێک چەکدارانی سەر بە شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە تاران گەمارۆی باڵیۆزخانەی ئەمریکایان دا و ٥٢ کارمەندیان بە بارمتەگرت، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی جەزائیرەوە چەند پەیامێکی بۆ خومەینی نارد و دواتر، بە بەرپرسی دەزگای ھەواڵگریی وڵاتەکەی راگەیاندووە، "دەتوانن بزانن کاردانەوەی خومەینی چیبوو بۆ پەیامەکان؟"، دەزگاکەش لە ٨٥%ی کاتەکان توانیویانە وەڵامی ئەرێنی پرسیارەکەی سەرۆک بدەنەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، کۆمپانیای کریپتۆ AG، لە ساڵی ٢٠١٨ داخرا و پشکەکانی بە دوو کۆمپانیای نوێتر فرۆشتەوە.

بەپێی میدیا ئەڵمانییەکان، ھەواڵگریی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٩٣وە، لە خاوەندارێتی کۆمپانیاکە کشاوەتەوە، بەڵام سی ئای ئەی تاوەکو داخرانی کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠١٨دا، ھەر خاوەندارێتی لێکردووە.

Image result for crypto ag

هـ.ب