سەردێڕ:

وەزیری تەندروستیی هەرێم: هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە

فۆتۆ: 
2020-01-29

12203 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، هێرش قادر

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان هۆشدارییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێرانی رەتکردەوە و رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم تۆمارنەکراوە."

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەنگۆی بوونی حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دوورە لە راستییەوە و تا ئێستا هیچ حاڵەتێک تۆمارنەکراوە.

لەبارەی هۆشدارییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران کە ناوی هەرێمی کوردستانی لە لیستی ئەو وڵات و شوێنانە هێناوە کە توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا تۆمارکراوە ئاماژەی بەوەکرد، "راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕەتدەکەینەوە."

ئەم قسانەی وەزیری تەندروستی هەریم لە کاتێدایە، ئەمڕۆ، بەهۆی  ڤایرۆسی کۆرۆناوە، وەزارەتی تەندروستی ئێران داوای لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کرد سەردانی هەریەک لە هەرێمی کوردستان و سعودیە و ئیمارات نەکەن. و دەڵێت، "حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم تۆمارکراوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزیری تەندروستی ئیمارات رایگەیاند، یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا تۆمارکراوە. هاوکات، ژمارەی ئەو کەسانەش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە وڵاتی چین گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٣٢ کەس بەرزبووەتەوە.

هـ.ئـ