سەردێڕ:

لەبارەی کۆرۆنا ئێران هاوڵاتییانی لە گەشتکردن بۆ هەرێم ئاگاداردەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-01-29

26569 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، وەزارەتی تەندروستی ئێران داوا لە هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە دەکات سەردانی هەریەک لە هەرێمی کوردستان و سعودیە و ئیمارات نەکەن.

کیانوش جەهانپور بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران بە میدیاکانی راگەیاندووە، "ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنورەکانی ئێران نزیکبووەتەوە، لە هەرێمی کوردستانی عێراق و ئیمارات حاڵەتی توشبوون بەو ڤایرۆسە تۆمارکراوە و چەند حاڵەتێکی گوماناوی لە سعودیەش تۆمارکراوە."

لەلایکەی دیکەوە، سەعید نمەکی وەزیری تەندروستیی ئێران بە میدیاکانی راگەیاندووە، "داوا لە هاوڵاتیانمان دەکەم لەو وڵاتانە دووربکەونەوە کە حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێدا تۆمارکراوە."

ڕاشیگەیاندووە، "هەتا ئەگەر گەشتی ئەو شوێنانەشتان کرد کە حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسەکەی تیادا دەرکەوتووە، داواتان لێدەکەین بەشێوەیەکی گشتی خاوێنی بپارێزن وەک شووشتنی دەستەکان وپاککردنەوەیان بە شێوەیەکی بەردەوام".

باسی لەوەشکردووە، "ناتوانین سەرجەم دەرگاکان بەڕووی هاتنە ناوەوەی ڤایرۆسەکەدا دابخەین، بۆیە لەسەر هاوڵاتیانمان پێویستە بەپێی ڕێنماییەکانی کاروباری تەندروستیی خۆیان بپارێزن"، ئەو وەزیرە دڵنیایشی داوە دەربارەی نەبوونی هیچ حاڵەتێکی تووشبوو لە ئێراندا.

هاوکات، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش بە هەموو شێوەیەک بوونی حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا رەتدەکاتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزیری تەندروستی ئیمارات رایگەیاند، یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا تۆمارکراوە. هاوکات، ژمارەی ئەو کەسانەش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە وڵاتی چین گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٣٢ کەس بەرزبووەتەوە.

هـ.ئـ