سەردێڕ:

سەرۆکی هەرێم و جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا کۆبوونەوە

چەند پرسێکیان تاوتوێکردووە
فۆتۆ: 
2020-01-29

1262 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا کۆبوونەوە و تێیدا، پرسی ئابوری نێوان هەرێم و روسیا، پرسی سوریا و ئاڵۆزییەکانی عێراقیان تاوتوێکردووە.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٩ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆف، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا کە هاوکات نوێنەری سەرۆکی ئەو وڵاتەیە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، "خواستى هەرێمى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ روسیا دووپات کردووەتەوە و دەستخۆشى لە کارەکانی کۆمپانیاى گازپرۆمى ڕوسى لە کەرتى وزەی هەرێمى کوردستاندا کردووە".

ئاماژەی بەوەشداوە، "هەردوولا دۆخى عێراقیان تاوتوێکرد و جەختیان لە گرنگیى هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەى گرژى و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا و نەبوونى عێراق بە گۆڕەپانى کێشە و ململانێى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان کردەوە".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "تیشکیان خستە سەر خۆپیشاندانەکان و هەوڵەکان بۆ دیاریکردنى سەرۆک وەزیرانى داهاتووى عێراق، کێشەکانى هەولێر ــ بەغدا و گرنگیى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکاندا".

هەر لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی، "دۆخى سووریا و هەبوونى هێزە نێودەوڵەتییەکان و پرسى کورد و ئایندەیان لە چوارچێوەى سوریا و ڕۆڵى روسیا لەو وڵاتە، بەردەوامیى مەترسییەکانى تیرۆر و چۆنیەتیى رووبەڕووبوونەوەى"، کراوە.

هاوکات، گفتوگۆیان لەبارەی، "پرۆسەى ئاشتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دوایین پێشهاتەکانى کێشەى فەلەستین ــ ئیسرائیل، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکە کە مایەى بایەخى هەردوولایانن"، کردووە.

ئەوەش هاتووە، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا بە یاوەری باڵیۆزى ئەو وڵاتە لە بەغدا و کونسوڵى گشتیى لە هەولێر و ژمارەیەک دیپلۆماتکار و بەرپرسانى کۆمپانیاى گازپرۆمى روسی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمدا کۆبوونەتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ساڵی رابردووش سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا بەسەردانێک هات بۆ عێراق و دواتر سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمدا کۆبووەوە.