سەردێڕ:

ھێڵی ئاسمانی بەریتانیا گەشتەکانی بۆ چین راگرت

فۆتۆ: 
2020-01-29

1664 جار خوێندراوەتەوە

بەھۆی سەرھەڵدانی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین، ھێڵی ئاسمانیی بەریتانیا، بریتش ئەیروەیس، بڕیاریدا گەشتەکانی بۆ ئەو وڵاتە رابگرێت.

لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن کۆمپانیاکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە، لە دوای ئاگاداریی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لەبارەی مەترسی گەشتکردن بۆ چین، دەستبەجێ سەرجەم گەشتەکانیان بۆ ئەو وڵاتە ھەڵپەساردووە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ھێڵی ئاسمانی بەریتانیا داوای لێبوردنی لە گەشتیاران کردووە رایگەیاندووە، "سەلامەتی گەشتیاران و کارمەندەکانمان ھەمیشە کاری لەپێشینەمانە. ئەو گەشتیارانەی لە رۆژانی داھاتوودا گەشت بۆ چین دەکەن یاخود لەو وڵاتەوە دەگەڕێنەوە، دەتوانن لە رێگەی ناونیشانی BA.com زانیاری زیاتریان دەستبکەوێت'".

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ کۆمیتەی نیشتیمانی تەندروستی چین رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی ڤایرۆسەکەوە لە وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٣٢ کەس و توشبوانیش بۆ پێنج ھەزار و ٩٧٤ کەس بەرزبووەتەوە.

ھەر ئەمڕۆش وەزیری تەندروستی ئیمارات رایگەیاند، یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕێگەی خێزانێکی وڵاتی چینەوە کە لە شاری وھانی چینەوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکە، تۆمارکراوە و دۆخی ئەوانەش کە توشبوون جێگیرە و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

ڤایرۆسەکە جگە لەوەی لە شاری وھانەوە بۆ شارەکانی پەکین و شەنگەھای گوازراوەتەوە، ھاوکات گەیشتووە بە ھەریەک لە وڵاتەکانی ئەمریکا، تایلەند، کۆریای باشور، ژاپۆن، ئوستراڵیا، فەڕەنسا، کەنەدا و ئیمارات.