سەردێڕ:

​سبەى پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

چەند پرسێک تاوتوێ دەکرێت
فۆتۆ: 
2020-01-29

1250 جار خوێندراوەتەوە

سبەینێ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و کۆتایی بە خولی پاییزەی دانیشتەکانی پەرلەمان دەهێنێت و ماوەی مانگێک لە پشوودا دەبێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پەرلەمانی کوردستان، سبەینێ پێنجشەممە ٣٠ى کانونى دووەمى ٢٠٢٠، پەرلەمان کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارێک لە لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان دەخرێتەڕوو، هاوکات بەپێی بڕگەی سێیەمی کارنامەی دانیشتنەکە، پەرلەمان کۆتایی بە خولی پایزەی دانیشتنەکانی دەهێنێت و پشووی پەرلەمان بۆ ماوەی مانگێک دەبێت.

ماوەی پشووی نێوان خولی پایزە و خولی بەهارەی دانیشتنەکانی پەرلەمان دوو مانگە، بەڵام بەهۆی گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازیی لەم خولەدا پشووی پەرلەمان بۆ مانگێک کەمکرایەوە و لە مانگی ئازاریشەوە دانیشتنەکانی خولی بەهارەی پەرلەمان دەستپێدەکەنەوە.