سەردێڕ:

پۆلیسى گەرمیان: پێنج تۆمەتبار بە دراوی ساختەوە دەستگیرکران

فۆتۆ: 
2020-01-29

2083 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسى گەرمیان ڕایگەیاند، لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای کەلار پێنج تۆمەتبار بە دراوی ساختەوە دەستگیرکران.

بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای وەرگرتنی زانیاری ورد لەلایەن پۆلیسى نەهێشتنی تاوانی گەرمیان توانرا پێنج تۆمەتبار لەکاتی مامەڵەکردن بە بڕێک دراوی ساختەی عێراقی و ئەمریکیەوە دەستگیربکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، چوار لە تۆمەتبارەکان ئەندامی یەک خێزانن و مەبەستیان بووە لە نێو بازاڕی ناحیەی ڕزگاری پارەکە ساغبکەنەوە.

ئەوەشخراوەتەروو، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی ٢٨١ بەندکراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.

ئەوەش دوای ئەوەدێت، ١٣ى ئەم مانگە  دوو تۆمەتباری بە ڕەگەز عەرەب کە مامەڵەیان بە دراوی ساختەوە کردبوو، لەلایەن پۆلیسەوە و لە ناو بازاڕی شاری سلێمانیدا دەستگیركران.