سەردێڕ:

پۆلیسى هەولێر: کوڕی بەرپرسێک تەقەی لە پۆلیسێکى هاتوچۆ کرد

فۆتۆ: 
2020-01-28

21771 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، کوڕی بەپرسێکی پێشمەرگە لەگەڵ کەسێکى تردا، لە ناو بازاڕی هەولێر تەقەیان لە پۆلیسێکی هاتوچۆ کردووە و دواتر بەرپرسەکە و تەقەکەرەکانیش دەستگیرکراون.

پۆلیسی هەولێر بڵاویکردووەتەوە، "ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناو بازاڕی شاری هەولێر، دوو کەس ئۆتۆمبێلێکی لە جۆری (بی ئێم)ی جام ڕەشیان لەسەر شۆستەیەک وەستاندبوو، دواتر بووەتە دەمەقاڵێ لە نێوان ئەو دوو کەسە و پۆلیسێکی هاتوچۆدا، پاشان دوو کەسەکە تەقەیان لە پۆلیسەکە کردووە".

ڕاشیگەیاندووە، "دواتر توانرا بە کەمتر لە (۱٥) خولەک دەست بەسەر دوو چەکدار و ئۆتۆمبێلەکە دا بگیرێت".

باسیان لەوەشكردووە، "یەکێک لە چەکدارەکان کوڕی بەرپرسێکی هێزەکانی پێشمەرگەیە، دواتر بەرپرسەکە چووەتە شوێنی ڕووداوەکە و بە فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بەرپرسەکەش دەستگیرکراوە".

لەو بارەیەوە رێبەر احمد وەزیری ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، "ھەر تاونبارێک رووبەووی ھێزەکانی ناوخۆ ببێتەوە، توندترین ڕێکارى یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، لەبەر ئەوەی کەس لەیاسا بەرزتر نییە".

باسی لەوەشکرد، "هەرسێ تۆمەتبارەکە دەستگیرکراون و چەکەکان و ئۆتۆمبێلەکەشیان دەستیبەسەردا گیراوە و دراونەتە دادگا".