سەردێڕ:

سەرۆک وەزیرانى نوێى قەتەر کێیە؟

فۆتۆ: 
2020-01-28

3363 جار خوێندراوەتەوە

میرى قەتەر، بڕیاریدا بە دیاریکردنى خالید کوڕى خەلیفە ئالسانى، بە سەرۆک وەزیرانى نوێى وڵاتەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٨ى کانونى دووەمى ٢٠٢٠، تەمیم کوڕى حەمەد ئالسانى، میرى قەتەر فەرمانێکى بۆ دانانى خالید کوڕى خەلیفە ئالسانى، لە شوێنى عەبدوڵا کوڕى ناسر ئالسانى، کە ئەمڕۆ دەستیلەکارکیشایەوە، بۆ پۆستى سەرۆک وەزیرانى نوێى قەتەر دەرکرد.

خالید کوڕى خەلیفە ئالسانى، سەرۆک وەزیرانى نوێى قەتەر، لە ساڵى ١٩٦٨ لە دەوحەى پایتەختى قەتەر لەدایکبووە، قۆناغەکانى خوێندنى لە دەوحە تەواوکردووە، بەکالۆریۆسى لە کارگێڕى کار لە ئەمریکا لە ساڵى ١٩٩٣ تەواوکردووە.

لەسەرەتادا لە کۆمپانیاى قەتەر بۆ غازى شل کارى کردووە، دواتر لە ساڵى ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٦، لە نوسینگەى جێگرى یەکەمى سەرۆک وەزیران کارى کردووە.

لە ٢٠٠٦، بووە بەڕێوەبەرى سکرتێرى تایبەتى میرى قەتەر و  دواى ساڵێک بووە بەڕێوەبەرى نوسینگەى میرى قەتەر.

ئەندامى ئەنجومەنى کارگێڕى سندوقى پاڵپشتى  چالاکییە وەرزشیی وکۆمەڵایەتییەکان بووە.

لە ٢٠١٤دا پۆستى سەرۆکى دیوانى ئەمیریى وەرگرتووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، عەبدوڵا کوڕى ناسر ئال سانى، سەرۆک وەزیرانى قەتەر دەستلەکارکێشانەوەى لە پۆستەکەى راگەیاند، میری قەتەریش رەزامەندیی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەى سەرۆک وەزیرانى وڵاتەکەى دەربڕى.