سەردێڕ:

ئاکرێ.. بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە دوو رۆژە دوو هاوڵاتی بێسەروشوێنن

فۆتۆ: 
2020-01-27

1564 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتال میدیای ئێن ئاڕ تی، ئاکرێ، شکێران زێباری

بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە لە سنوری ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ، لە دوێنێوە دوو کەس بێسەروشوێنن.

شەعبان خەلیل، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆ سەر چەند گوندێکی ناوچەی زێباری لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ، شەش کەس بێسەروشوێن بوون و ئەمڕۆ چواریان بە سەلامەتی دۆزرانەوە و لە ئێستادا دوانیان بێسەروشوێنن.

هاوکات، دەروێش بابەکر، موختاری دینارتە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هاوڵاتییەکی بێسەروشوێن تەلەفۆنی بۆ کردووە و داوای بەهاناوەچوونی لێی کردووە و وتویەتی، ئەوان شەش کەس بوون و چواریان سەلامەتن، بەڵام نازانێت چی بەسەر دوو کەسەکەی دیکەدا هاتووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسەی پەیوەندی پێوەکردووە و وتویەتی کە لەبەر بۆردومانی بەردەوامی فڕۆکەکان ناتوانن لەو شوێنەی تێیدان بێنەدەرەوە.

وتیشی، ئەو شەش کەسە خەڵکی گوندی کافیان لە سنوری ناحیەی دینارتە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لە گەڕاندان بەدوایاندا بەردەوامن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیاوە تائێستا ١٢ گوند لە سنوری ناحیەی دینارتەی قەزای ئاکرێ چۆڵکراون.