سەردێڕ:

تاڵیبان بەرپرسیارێتی خۆی لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئەفغانستان دەربڕی

فۆتۆ: 
2020-01-27

5959 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ھەواڵی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی مەدەنی لە پارێزگای غەزنی ئەفغانستان بڵاوکرایەوە و وتەبێژی تاڵیبانیش دەڵێت، "فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکییان خستووەتەخوارەوە و ھەموو سەرنشینەکانیشی گیانیان لەدەستداوە"، پنتاگۆنیش رەتیدەکاتەوە دەستی تاڵیبانی تێدابێت.

ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، زەبیحوڵا موجاھید، وتەبێژی رێکخراوی تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "فڕۆکەکە لە ئەرکێکی ھەواڵگریدا بووە، لەلایەن ئەوانەوە و لە ناوچەی دەھیاک لە پارێزگای غەزنی خراوەتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی فڕۆکەکە، بە ئەفسەرە پلەبەرزەکانیشەوە، تێیدا کوژراون".

بەرپرسێکی ئەمریکیش بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، ئەو فڕۆکەکەکە کەمتر لە ١٠ کەسی تێدابووە و ئەمریکی بووە و لە ناوچەیەکەی ژێر کۆنترۆڵی تاڵیبان کەوتووەتەخوارەوە.

لەلایەکی دیکەوە، پنتاگۆن بە فەڕمی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە ئەفغانستان راگەیاند، بەڵام رەتیکردەوە تاڵیبان فڕۆکەکەی خستبێتە خوارەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتادا وابڵاوکرایەوە، کە فڕۆکەیەکی مەدەنی لە رۆژھەڵاتی ئەفغانستان توشی کێشەی تەکنیکی بووە و بەوھۆیەوە گڕیگرتووە و کەوتووەتەخوارەوە.