سەردێڕ:

سبەینێ ئەمریکا نەخشەرێگای ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-01-27

5723 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "سبەینێ کۆشکی سپی نەخشەرێگای ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە و پێویستە فەلەستینییەکان قبوڵی بکەن."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی پێشوازی لە بنیامین نەتەنیاھو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، نەخشەرێگای ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لۆژیکیە بۆ ھەمووان و پێویستە فەڵەستینیەکان نەخشەڕێگای ئاشتی قبوڵ بکەن چونکە لە بەرژەوەندی ئەوانە.

راشیگەیاند، ئەمە ھەلێکە بۆ ئاشتی و نەخشەڕێگایەک نیشاندەدەین کە ھەموان کاریان تێداکردووە و زۆرێک لە نەتەوە عەرەبەکان رازیبوونی خۆیان بۆ نەخشەڕێگاکە دەربڕیوە و پێیانوایە نایابە و دەستپێکێکی باشە".

بنیامین نەتانیاھۆ پێش چوونە ناو فڕۆکە و گەشتکردنی بۆ ئەمریکا رایگەیاندبوو، کە ئەو بەرەو "درووستکردنی مێژوو" دەڕوات".

لەلایەکی دیکەوە، محەمەد شەتیە، سەرۆک وەزیرانی فەلەستین رایگەیاند، "ئەو نەخشەڕێگایەی ترەمپ بۆ کۆتاییھێنانە بە دۆزی فەڵەستین و دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ئێمە رەتیدەکەینەوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، وابڕیارە ئەمرۆ ترەمپ بەھیوای بەدەستھێنانی پشتیوانی ھەردوولایان، جگە لە بیامین نەتانیاھۆ، بێنی گانتزی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل ببینێت و لەگەڵ ھەردووکیاندا تاوتوێی نەخشەڕێگاکە بکات.

نەخشەڕێگای ئاشتی ترەمپ بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پلانێکی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپە بە بەشداری راوێژکارە باڵاکانی بۆ چارەسەرکردنی ململانێی لەمێژینەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ئامادەکراوە.