سەردێڕ:

عەبدولمەهدى: هێرشی سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا کارێکی مەترسیدارە

فۆتۆ: 
2020-01-26

14724 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى کاربەڕێکەرى عێراق ڕایگەیاند، "ئاراستەکردنی موشەک و بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، کارێکی مەترسیدارە."

عادل عەبدولمەهدى لەبارەى کەوتنەوەى چەند موشەکێک لە نزیک باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە ناوچەى سەوزى بەغدا ڕاگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و ئیدانەى ئەو کارەى کرد و ڕایگەیاند، جارێکیتر هێرش بۆ سەر نێردە نێودەوڵەتییەکان کرایەوە، بە کەوتنەوەى چەند موشەکێک لە  نزیک باڵیۆزخانەى ئەمریکا، کە ئەوەش هەوڵیکى تاکلایەنە و دەرچوونە لە یاسا."

لە راگەیاندراوەکەدا دەڵێت، " ئەو کارە دەوڵەت لاواز دەکات و  سەروەرى ناهێڵێت." دەشڵێت، "حکومەت بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری پەرلەمان بۆ سەبارەت بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان رێوشوێنی گرتووەتەبەر."

عەبدولمەهدى وتیشى، " بۆ ئەوەى ئەو کارانە دووبارە نەبنەوە فەرمانمان بە هێزە ئەمنییەکان کردووە و لەناوچەکەدا بڵاوەیان پێکراوە و لە هەوڵى ئەوەشداین ئەو کەسانەى کە موشەکەکانیان ئاراستەکردووە دەستگیربکرێن وڕووبەڕووى دادگا بکرێنەوە".

باسیلەوەشکردووە، " بەردەوامى ئەو جۆرە کردەوە تاکڕەویانە، مەترسى گەورەى هەیە بۆ وڵات و دەرئەنجامى  ترسناکى هەیە و دەبێتەهۆى زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە باڵاکانى وڵات و پەیوەندییە دۆستایەتییەکانى عێراق و ئەوەش عێراق بەرەو گۆەڕپانى جەنگ دەبات."

وتیشى، " حکومەت پابەندە بە پاراستنى تەواوى نێردە و باڵیۆزخانەکانى وڵاتان، سەرجەم ڕێکارە پێویستییەکانیش بۆ بەرجەستەکردنى دەگرێتەبەر، ئەوەش بەپێى یاسا".

ئەوە لە کاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج موشەک لە ناوچەی سەوز و لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کەوتنەخوارەوە و جگە لە زیانى ماددى زیانى گیانى بە دواوە نەبوو.