سەردێڕ:

ئەڵمانیا راهێنانى بە هێزەکانى پێشمەرگە دەستپێکردەوە

دواى  سێ هەفتە لە راگرتنى
فۆتۆ: 
2020-01-26

1947 جار خوێندراوەتەوە

سوپاى ئەڵمانیا دواى وەستانى کارەکانی، بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، راهێنانى بە هێزەکانى پێشمەرگە دەستپێکردەوە.

وتەبێژى سوپاى ئەڵمانیا بە ئاژانسى ئەسۆشێتدپریسى ئەمریکى راگەیاندووە، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ى کانونى دووەمى ٢٠٢٠، هێزەکانى ئەڵمانیا لە هەولێر دەستیان بە مەشق و راهێنانى هێزەکانى پێشمەرگە کردووەتەوە، ئەوەش دواى راوەستانى بۆ ماوەى سێ هەفتە بەهۆى ئاڵۆزییەکانى ئەمدواییەى نێوان ئێران و ئەمریکا و ناوچەکە بەگشتى.

راشیگەیاند، سوپای ئەڵمانیا، کارەکانی لە عێراق دەستپێنەکردووەتەوە، چونکە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسى سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لەلایەن ئەمریکاوە، هێزەکانی ئەڵمانیا کە ٣٥ سەربازبوون، لە حەوتى ئەم مانگەوە لە ناوچەکانى ناوەڕاستى عێراقەوە، بەرەو کوێت و ئوردن کشانەوە.

هەرچەندە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەرکردنی سەرجەم هێزە بیانییەکانی بەبێ کورد و سونە پەسەندکرد، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق دەیەوێت سوپای ئەڵمانیا لە کارەکانی بەردەوام بێت و بمێننەوە.

لە دواى سەرهەڵدانى شەڕى داعش، بۆ راهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی سەربازی هێزەکانى پێشمەرگە، ئەڵمانیا ٩٠ راوێژكار و سەربازی رەوانەى هەرێم کرد.