سەردێڕ:

کارەبای چەمچەماڵ: ویستمان لە رێگەی ئەدمینی پەیجەکانەوە پەیامەکەمان بگات

فۆتۆ: 
2020-01-26

2594 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی کارەبای چەمچەماڵ ڕایگەیاند، ئەو پۆستەی لە سۆشیاڵ میدیادا کردمان پەیامەکەی بە هەڵە لێکدانەوەی بۆکراو وەک خۆی نەگەیشتە هاوڵاتییان.

ئەردەڵان محەمەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، "پێمان باشبوو لە ڕێگەی پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیاوە پەیامەکەمان بگات بە هاوڵاتییان و بزانن هۆکاری گرفتەکانی کارەبا چییە و لێیتێبگەن".

وتیشی، "بەڵام لەلایەن هەندێک کەسەوە خوێندنەوەی خراپی بۆ کرا، لە کاتێکدا ئێمە ئامانجی سەرەکیمان دیاریکردنی هۆکاری کەمبوونەوەی کارەبا و ئەو ڕێگایانە بوو کە بۆ چارەسەر گیراونەتە بەر".

بە وتەى هاوڵاتییان رەوشى کارەباى ناوچەکە تادێت خراپتر دەبێت و بەرپرسانیش کەمتەرخەمن لە دۆزینەوەى چارسەر، بەرپرسانى کارەباى قەزاکەش دەڵێن، بڕى کارەباى سنورەکە کەمى نەکردووە و کێشەى دابەشکردنى کارەبایان هەیە، بەهۆى زۆری خواست و کەمى تواناى وێستگەکانیان ناچارن ژمارەى فیدەرو محاویلە کەمتر کار پێبکەن.

پاش زیاتر لە کاتژمێرێک لە بڵاوبوونەوەى راگەیەندراوەکە پەیجى تایبەتى بەرێوبەرایەتى کارەبا پۆستەکەى لە پەرەى تایبەتى خۆى لابرد، بەڵام هەرزوو کاردانەوەى چین و توێژە جیاجیاکانى سنورەکەى بەدوایخۆیدا هێنا و بە گاڵتەپێکردن و خۆدەربازکردن لە چارەسەرى سەرکى کێشەى کارەباى قەزاکە خوێندنەوەى بۆکرا.

ئەو روونکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای چەمچەماڵ لەکاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای چەمچەماڵ لە پۆستێکی فەیسبووکدا داوای لە ئەدمینى سەرجەم پەیجەکانى سنورى چەمچەماڵ کرد بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەسەر رەوشى کارەباى ناوچەکە و نەخشە ریگاى چارەسەرى کەموکورتییەکان سەردانى بەرێوبەرایەتى دابەشکردنى کارەباى چەمچەماڵ بکەن.

هـ.ئـ