سەردێڕ:

عێراق.. دوای هەفتەیەک لە گرژیی و ئاڵۆزییەکان رەوشی شارەكان هێوربووەتەوە

فۆتۆ: 
2020-01-26

1491 جار خوێندراوەتەوە

دوای هەفتەیەک لە هەڵکشانى گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران، رەوشی زۆربەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق هێوربووەتەوە و دەوامی فەرمانگە فەرمییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی دەستی پێکردووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ رەوشی ئەمنی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشور سەقامگیربووە و هیچ رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانێک لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەراندا رووینەداوە.

ئاماژەی بەوەیشکردووە، رێگە و پردەکان کراونەتەوە، هەروەها دەوامی فەرمانگە فەرمییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی لە بەغدا، نەجەف، بەسرە، دیوانییە و واست دەستی پێکردووەتەوە، بەڵام هێشتا رێگە و پردە سەرەکییەکان لە میسان، کەربەلا، موسەننا و زیقار بەڕووی هاتوچۆدا داخراون و نەکراونەتەوە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، رۆژی هەینی رابردوو موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر، رایگەیاندبوو، کە ئیتر پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەکان ناکات و داواى لە لایەنگرانى کردبوو خێوەتى نێو گۆڕەپانەکان هەڵبگرن و بۆ ماوەى یەک مانگیش هیچ خۆپیشاندان و چالاکیەک ئەنجامنەدەن.

هەر لەدوای ئەو لێدوانەی موقتەدا سەدر، لە دوێنێ شەممەوە لایەنگرانی رەوتی سەدر لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکاندا کشانەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هەوڵدەدەن کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانى بەغدا، بەسرە، زیقار و دیوانییە، بهێنن و بۆ ئەو مەبەستەش رێوشوێنی توندیان گرتووەتەبەر.