سەردێڕ:

ئێران: پاشەکەوتی یۆرانیۆمی بەرهەمهێنراو هەزار و ٢٠٠ کیلۆگرامی تێپەڕاندووە

فۆتۆ: 
2020-01-26

2202 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری تایبەتی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران رایگەیاند، پاش هەنگاوی پێنجەم، پاشەکەوتی یۆرانیۆمی بەرهەمهێنراو سنووری هەزار و ٢٠٠ کیلۆگرامی تێپەڕاندووە، کە بە شێوەی خێرا یۆرانیۆمی پاشەکەوتکراو ڕووی لە زیادبوونە.

ئاژانسی هەواڵی میهر، بڵاوی کردەوە، کۆمەڵێک لە فەرماندەکان و بەرپرسانی ئێران بە ئامادەبوونی عەلی ئەسغەر زارعان، ڕاوێژکاری تایبەتی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران، سەردانی شوێنی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆیان کردوە و لەسەر بارودۆخی دواین دەستکەوت و چالاکییەکانی بواری ناوەکی ئاگادارکراونەتەوە.

بەپێی ئاژانسەکە، ڕاوێژکاری تایبەتی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی باسی لەوەکردوە، کێشی ئەو یۆرانیۆمەی کە لە وڵات چووەتەدەرەوە، نزیکەی هەشت تۆن و نیو بووە و ڕادەستی وڵاتی ڕووسیا کراوە.

باسی لەوەش کردوە، لە جیاتی ئەوە، ٤٠٠ کیلۆ مادەی سەرەتایی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێندراویان وەرگرتووە. بە وتەی عەلی ئەسغەر زارعان بە خێراییەکی تەواو پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێندراو زیاد دەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی ١٩٥٠کاندا بە یارمەتی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا دەستیپێکردووە و هەتا شۆڕشی ئیسلامی لەو وڵاتەدا و لە ساڵی ١٩٧٩ بەردەوام بووە، بەڵام دواتر، زۆربەی هاریکارەکانی ئەو بەرنامەیە یارمەتییەکانیان وەستاند و هەوڵی رێگریکردن درا لەوەی ئێران لەڕێگەی ئەو بەرنامە ئەتۆمییەوە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات و تائێستاش ململانێکان لەنێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوادا بەردەوامە.