سەردێڕ:

ماوه‌ی پێشكەشکردنی خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماسته‌ر و دكتۆرا درێژکرایەوە

فۆتۆ: 
2020-01-26

1758 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بە درێژکردنەوەى ماوەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆرا، تاوەکو ٢ى شوباتى ئەمساڵ.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، بەو بڕیارە گۆڕانکاریی بەسەر تاقیکردنەوەکان و ده‌ستپێكردنی ساڵی خوێندندا دێت کە تاقیکردنەوەى توانستی زانستی لە رۆژى ١٠ى شوباتى ئەمساڵ و دەستپێکى خوێندنیش لە ١ى ئازاردا دەبێت.

پێشتر سەرتیپ خالس، بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا لە فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدانى وەزارەتەکە ئاماژەى بەوەکرد، کۆی گشتی پلانی خوێندنی باڵا/دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومیەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠) بریتییە لە (٥٣٧٥) کورسی خوێندن کە بەمشێوەیە دەبێت:

دوو هەزار و ٦١٥ کورسی خوێندن بە خۆڕایی بۆ زانکۆکان و زانکۆ نوێیەکان و زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان تەرخان دەکرێت.

٤١٧ کورسی خوێندن کە کورسی گشتی بە خۆڕایی بۆ فەرمانبەرانی میلاکی ھەمیشەیی گشت وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێم تەرخان دەکرێت کە بە شێوەی سەرتاسەری لە نێوان خۆیان پێشبڕکێ لەسەر کورسییەکان دەکەن.

دوو هەزار و ٣٤٣  کورسی خوێندن بە شێوەی پارالێل دەبێت و گشت خوازیارانی دامەزراو و دانەمەزراو بۆیان ھەیە لەسەر کورسی پارالێل پێشکەشی بکەن کە خەرجی دارایی لەسەر ئەستۆی خوازیار دەبێت.