سەردێڕ:

ترەمپ بۆ داوایەکی ئێران: نەخێر سوپاس

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2020-01-26

6686 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا لەبەرامبەر داوایەکی ئێران بۆ هەڵگرتنی سزاکان و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ دەڵێت، "نەخێر سوپاس".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، "وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت کە ئێران دەیەوێت دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بکات، بەڵام دەشیەوێت سزاکانی سەر وڵاتەکە هەڵبگیرێن. نەخێر، سوپاس!".

ئەو قسەی ترەمپ لەکاتێکدایە، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بە ماڵپەڕی شپیگڵی ئەڵمانی رایگەیاندبوو، "ئیدارەی ترەمپ دەتوانێت رابردووی راستبکاتەوە، سزاکان هەڵبگرێت و بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان".

دوای ئەو قسانەی ترەمپ، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت، "واباشترە ئامۆژگاری ترەمپ بکرێت بەوەی لەسەر بنچینەی راستییەکان بۆچوون و بڕیارە سیاسییەکانی دەرببڕێت، نەک لەسەر بنچینەی مانشێتەکانی فۆکس نیوز و وەرگێڕە فارسییەکانی".

بە کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لە سەرەتای ئەم مانگەدا و لەڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە و چەند رۆژێک دواتریش ئاراستەکردنی دەیان موشەک بەرەو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا و لەلایەن ئێرانەوە، گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، بەراورد بە دەیان ساڵی رابردوو، گەیشتنە لوتکە.


هـ.ب