سەردێڕ:

بەڕێوەبەرایەتی کارەبا داوای کۆبونەوە لە ئەدمینی پەیجەکانی چەمچەماڵ دەکات

فۆتۆ: 
2020-01-25

12045 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی کارەبای چەمچەماڵ لە پۆستێکی فەیسبووکدا بەمەبەستی "گفتوگۆکردن دەربارەی کارەبا و نەخشەڕێگای باشکردنی" داوای کۆبوونەوە لە ئەدمینی پەیجەکانی ئەو شارە دەکات.

راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای چەمچەماڵ لە پەیجی تایبەتی خۆی بابەتێکی لەژێر ناونیشانی "بانگهێشتنامە"دا بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "بۆ ئەدمینی سەرجەم ئەو پەیجە بەڕێزانەی کە خەمخۆری ماف و خزمەتگوزاریی سنوری چەمچەماڵن، خۆشحاڵدەبین بە ئامادەبوونتان لە ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی ١ی ٢٠٢٠دا و بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە رەوشی کارەبای چەمچەماڵ و دیاریکردنی کەم و کوڕییەکان و دانانی نەخشەڕێگای پێویست بۆ باشکردنی رەوشی کارەبا لە سنورەکەماندا".

راشیگەیاندووە، ئامادەبونی ئەدمینی پەیجەکانی چەمچەماڵ نیشانەی خەمخۆریی و دڵسۆزییانە بۆ شارەکە و دەوروبەری.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەگەرچی کارەبای هەرێمی کوردستان لە ئاست داواکاریی هاوڵاتیاندا نییە، بەڵام بە هاتنی وەرزەکانی زستان و هاوین و بەهۆی بەرزبوونەوەی خواستی کارەباوە، رێژەی پێدانی کارەبا کەم دەبێتەوە و ئەوەش، هاوڵاتیانی زیاتر نیگەران کردووە.

لەماوەی رابردووشدا، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم ڕایگەیاندبوو، خواستی کارەبا لەهەرێم نائاساییە و تاکی هەرێم حەوت ئەوەندەی تاکی وڵاتانی دیکە کارەبا بەکاردەهێنێت.