سەردێڕ:

عەبدولستار مەجید: ٢٧ کەس لە شیلادزێ بە تۆمەتی پەکەکەبوون دەستگیرکراون

فۆتۆ: 
2020-01-25

3771 جار خوێندراوەتەوە

عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە ناوچەی شیلادزێ و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە، ٢٧ کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون و کارکردنیان بۆ پەکەکە، دەستگیرکراون.

عەبدولستار مەجید لە پۆستیکی فەیسبووکدا رایگەیاندووە، "بەپێی بەدواداچوونێکمان لەسەرئەوبابەتە، لە دەڤەری شیلادزێ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە تائێستا ٢٧ کەس دەستگیرکراون و ئەوەندەشی پێمان گەیشتووەتەوە، تۆمەتی ئەندامبوون و کارکردنیان بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان دراوەتەپاڵ."

راشیگەیاند، "دیارە دەستگیرکردنی خەڵک لەو ناوچەیە دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووی بەشێک لە دانیشتوانی ئەو دەڤەرە دێت دژ بە بوونی بنکە و بارەگا سەربازیی و هەواڵگرییەکانی تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراویش لە شیلادزێ."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ پێمانوایە کە ئەو دەستگیرکردنە ڕەمەکییە نایاساییە و پێویستە ڕابگیرێن و دەزگا ئەمنییەکان ناکرێت و نابێت بۆ خزمەتی  ململانێی حزبی بەکاربهێندرێن."

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە دژی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو هاوڵاتییانی ناحیەی شیلادزێ گردبوونەوە و خۆپیشاندەران بارەگای سوپای تورکیایان کۆنترۆڵکرد و دەستیان بەسەر چەکەکانیاندا گرت.