سەردێڕ:

باکورى کوردستان.. تائێستا ٢٠ کەس بەهۆى بومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە

ئامارى قوربانییەکان بەرزبوونەتەوە
فۆتۆ: 
2020-01-25

4464 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەى ئەو کەسانەى بەهۆى بومەلەرزەکەی شەوى رابردووی شاری خەرپێت "ئیلازق"ی باکورى کوردستان گیانیان لەدەستدا بۆ ٢١ کەس بەرزبووەوە و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون.

سه‌رۆكایه‌تی فه‌رمانگه‌ی كاره‌سات و باری له‌ناكاوی تورکیا رایگەیاند، تا ئێستا ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٣٠ کەسی دیکەش بریندارن.

روونیشیکردووەتەوە، "سەرەڕاى بەرزبوونەوەى ئامارى قوربانییانى بومەلەرزەکە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانیان تا ئێستا كه‌س له‌ ژێر دار و به‌رده‌ رووخاوه‌كاندا نه‌ماوه‌ته‌وه‌".

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمشەو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٨ پلە بەپێوەرى رێختەر، شارى خەرپێتى باکورى کوردستانى هەژاند و بە قوڵایى ١٠ کیلۆمەتر بەشێک لە شارەکانى باکورى کوردستانى گرتەوە.

لە هەریەک لە شارەکانی ئامەد، مێردین، غازی عەنتاب و جزیرە، هاوکات، لە شارەکانى رۆژئاواى کوردستان و لە پارێزگاکانى دهۆک و هەولێریش بومەلەرزەکە هەستى پێکراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ساڵى ١٩٩٩ بومەلەرزەیەک بە گوڕى ٧,٤ پلە بەپێوەرى رێختەر شارەکانى تورکیاى هەژاند و ١٧ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، کە هەزار کەسیان لە ئیستەنبوڵ بوون.