سەردێڕ:

چین.. لە ١٠ رۆژدا نەخۆشخانەیەکی هەزار قەرەوێڵەیی دروستدەکرێت

فۆتۆ: 
2020-01-24

16237 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی چین ڕایانگەیاندووە، لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبوانی پەتای ڤایرۆسیی کۆرۆنا، لەسەر ڕووبەری ٢٥ هەزار مەتر چوارگۆشە دروستدەکرێت.

دەسەڵاتدارانی چین ڕایانگەیاندووە، "لەپێناو چارەسەرکردنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا، نەخۆشخانەیەکی هەزار قەرەوێڵەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لەسەر ڕووبەری ٢٥ هەزار مەتر چوارگۆشە دروستدەکرێت"، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٣، وڵاتی چین لە دروسکردنی نەخۆشخانەیەکدا لە پەکین بۆ توشبوانی ڤایرۆسی سارس ڕێکۆردی دروستکردنی شکاند.

هاوکات ئه‌نجوومه‌نی ته‌ندروستیی نیشتمانیی وڵاتی چین رایگه‌یاند، ٨٣٠ کەس تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون و بەو هۆیەشەوە ٢٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و لەچەند ناوچەیەکیش دەوامی خوێندنگەکان ڕاگیراون.

ئاماژه‌به‌وه‌ش دراوه، ره‌وشی ته‌ندروستی ١٧٧توشبوو لە کۆى توشبووانى نەخۆشییەکە سه‌خته‌ و ٢٤ كه‌سیش له‌وانه‌ی به‌هۆی ئه‌و په‌تایه‌وه‌گیانیان له‌ده‌ستداوه‌له‌ویلایه‌تی هوبه‌ی بوون.

هاوکات هه‌شت هه‌زار و ٤٢٠ كه‌س خراونه‌ته‌ژێر چاودێری پزیشكییەوە به‌هۆی ئه‌وه‌ی پەیوەندییان هەبووە بەو کەسانەوە کە تووشی نەخۆشییەکە بوون و لێیانەوە نزیک بوون.

له ژماره‌یه‌ك شاری وڵاتی چینیش به‌شێوه‌یه‌كی كاتی گه‌شته‌زه‌مینی و ده‌ریاییه‌كان هه‌ڵپه‌سێردراون، له‌ژماره‌یه‌ك شاری دیكه‌یش جگه‌ له‌وێستگه‌كانی سووته‌مه‌نی، نه‌خۆشخانه‌و ده‌رمانخانه‌كان، کارکردن لە دامەزراوەکانی دیکە ڕاگیراوە.

ئەوە لەکاتێکدایە لە هەرێمى کوردستان بەهۆى کارى رۆتینات و گەندەڵییەوە، دروستکردنى قوتابخانە و نەخۆشخانەکان چەندین ساڵیان پێویستە بۆنمونە، نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەرەوێڵەیى سلێمانی بە ۱۳ ساڵ دروستکرا.

بۆ ڕیگریکردن لە زیاتر تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکەش وه‌زاره‌تی دارایی چین، بڕی ١٤٤ ملیۆن دۆلاری ته‌رخانكرد.

ڤایرۆسی كۆرۆنا توشی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دانی مرۆڤ و گیانله‌به‌ر دەبێت، به ‌وته‌ی شاره‌زایان ئه‌و ڤایرۆسه‌ وه‌ك نه‌خۆشییه‌ك توشی منداڵ و گه‌وره‌ش ده‌بێت، ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ڕێگه‌ی كۆكه ‌و پژمین و هه‌واوه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ ڤایرۆسه‌ كوشنده‌كان، ڤایرۆسەکە به‌تایبه‌تی له‌ وه‌رزی زستان بڵاودەبێتەوە.