سەردێڕ:

سەرۆکى هەرێم و سكرتێرى گشتيى نەتەوەیەکگرتووەکان كۆبوونەوە

فۆتۆ: 
2020-01-24

2872 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى هەرێمى کوردستان له‌گه‌ڵ سكرتێرى گشتيى نەتەوەیەکگرتووەکان كۆبووه‌وە و داواى کرد، یو ئێن له‌ پرۆسه‌ى سياسى و هێوركردنه‌وه‌ى دۆخەکە و له‌ يارمه‌تيدانى عێراق به‌رده‌وام بێت.

نێچيرڤان بارزانى، له‌ کۆتا رۆژى به‌شداريكردنى له‌ كۆڕبه‌ندی ئابوريى جيهان له‌ داڤۆس، پێش نیوەڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ينى، ٢٤ى کانونى دووەمى ٢٠٢٠، له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنيۆ گۆتێرێس، سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان كۆبوەوە‌ و ستایشى رۆڵى یو ئێنى کرد لە هەرێم و عێراق.

نێچيرڤان بارزانى لە کۆبوونەوەکەدا، جه‌ختيى له‌ پێويستى به‌رده‌وامى ئه‌ركى هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش له‌ عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر كرده‌وه، هه‌روه‌ها پشتگيريى هه‌رێمى كوردستانى بۆ داواكاريى ڕه‌واى خۆپيشانده‌رانى عێراق له‌ خزمه‌تگوزارى و ژيان و ئاينده‌يه‌كى باشتر، ده‌ربڕى.

هەروەها په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان هه‌ولێر ـ به‌غدا و به‌رده‌واميى گفتوگۆى نێوانيان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان بابەتێکى دیکەى کۆبوونەوەکەبوون.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، خۆپيشاندانه‌كان و دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌، هه‌وڵدان بۆ هێوركردنه‌وه‌ى گرژييه‌كان و ڕۆڵى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌وباره‌يه‌وه‌، و دۆخى ئاواره‌كانى عێراق و په‌نابه‌رانى سوريا له‌ هه‌رێمى كوردستان و يارمه‌تيدان و هاوكاريكردنيان، پرۆسه‌ى سياسى و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى داهاتوى حكومه‌تى عێراق، تاوتوێكران.

رۆژى سێشەممە،٢١ى کانونى دووەمى ٢٠٢٠ پەنجاهەمین کۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا، بەناونیشانی لەپێناو جیھانێکی یەکگرتووی گەشەسەندووی بەردەوامدا دەستیپێکرد و چەندین پرسی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی تێدا باسکرا و بڕیارە ئەمڕۆ کۆتایى بە کۆڕبەندەکە بێت.