سەردێڕ:

وەزارەتی تەندروستی: رێکاری پێویست دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگرینەبەر

فۆتۆ: 
2020-01-24

5805 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، وەکو سەرجەم وڵاتانی تری جیهان لە لەنزیکەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO چاودێری بارودۆخی پەتاکە دەکەن و ڕێکاری پێویست دەگرنەبەر.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ هەینى، ٢٤ى کانونى دووەمى ٢٠٢٠، رایگەیاند، "دوابەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵی سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهان لە وڵاتی چین، کە بەگوێرەی دوا ڕاپۆرتی ڕێکخراوی جیهانی WHO تاوەکو ئێستا ٥٥۷ کەس توشبوون و ۱۷ کەس مردوون و ڕێژەی کوشندەیی تا ئێستا ٤٪ ، جگە لە ووڵاتی چین، لە چەند وڵاتێکی تری ئاسیا وەک ژاپۆن، کۆریا، تایلەند و سەنگاپورە، تۆمارکراون."

ئاماژەبەوەشکراوە، "تاوەکو ئێستا ئەو زانیاری و ڕاسپاردانەی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە پێویست ناکات پشکنین و چاودێری لە فڕۆکەخانە و خاڵە سنوریەکان و شوێنە گشتیەکان بگیرێتەبەر بەڵکو ڕێکارەکان هەمان ڕێوشوێنی کۆنتڕۆڵ و خۆپارێزیە لە پەتای ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا."

ئەوەشخراوەتەڕوو، "زوو دۆزینەوە و جیاکردنەوە و چارەسەرکردن و هۆشیاری تەندروستی لە خۆپارێزی کەسی وەک، زوو زوو دەست شووشتن، خۆ بەدوورگرتن لەشوێنی قەرەباڵغ و داخراو لەگەڵ پاپەندبوون بە ئەتەکێتی کۆکین و پژمین وەک داپۆشینی دەم و لووت."

ئەوەش دوای ئەوەدێت، جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕاددەیەکی زۆر لە چین و بەشەکانی دیکەی وڵاتانی ئاسیادا بڵاوبووەتەوە، ڤایرۆسێکی گوازراوەیە، ئەو ڤایرۆسەش بەتوندی تووشی مرۆڤ دەبێت و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان، هەوکردنی سییەکان و هەوکردنی گیرفانە هەواییەکان.