سەردێڕ:

سەدر چەند مەرجێک بۆ چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕادەگەیەنێت

فۆتۆ: 
2020-01-24

16218 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، بەغدا، ئومێد محەمەد

موقتەدا سەدر چەند مەرجێکی بۆ چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕاگەیاند و باس لەوەش دەکات لە ئێستادا هیچ هەنگاوێکی سەربازی ناگرنەبەر.

موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا چەند مەرجێکی بۆ چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕاگەیاند کە لەلایەن ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەوە خوێندرایەوە و لە حەوت مەرج پێکهاتبوو.

 لە مەرجەکاندا ئەوە هاتووە، "سەرجەم بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەموو ئەو کۆمپانیا ئەمنییە ئەمریکیانەی لە عێراق کار و چالاکیان هەیە دابخرێن".

باس لەوەشکراوە، "ئاسمانی عێراق بەڕووی فڕۆکە سەربازیی و هەواڵگیرییەکاندا دابخرێت و سەرجەم ڕێکەوتنە ئەمنییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا هەڵبوەشێندرێنەوە".

هەر لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، "پێویستە ترەمپ لە بڕیارەکانی و وتارەکانیدا، بە توندی مامەڵە لەگەڵ عێراق نەکات، ئەگەر نا بەهەمان شێواز وەڵامدەدرێتەوە".

لە خاڵێکی دیکەشدا باس لەوەکراوە، "پێویستە دەوڵەتەکانی چواردەوری عێراق دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەرنەدەن، لە کاتی بڕیاردان لەسەر دەرکردن یان مانەوەی هێزەکان، لە کاتێکیشدا ئەگەر ئەمەریکا بەپێی ئەم دەستپێشخەرییە کارنەکات ئەوا مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا و سەربازەکانیدا، وەک داگیرکەرێک لە خاکی عێراقدا دەکەین".

ئەوەش لە کاتێدایە، ئەمڕۆ هەینی لەسەر داوای موقتەدا سەدر خۆپیشاندانی ملیۆنی لە ناوچەی جادریەی بەغدا بەڕێوەچوو و دروشمی خۆپیشاندەران چوونە دەرەوەی هێزە بیانییەکان بوو لە عێراق و داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان دەکرد لەلایەن حکومەتەوە بۆ چوونە دەرەوەی ئەو هێزانە.

هـ.ئـ