سەردێڕ:

​حاجی ئۆمەران.. بەهۆی بارینی بەفرەوە ڕێگاكانی هاتوچۆ داخراون

فۆتۆ: 
2020-01-24

5451 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕتى، سۆران، عەبدۆ ڕۆستایی

بەڕێوەبەری دەروازەی سنوری حاجی ئۆمەران ڕایگەیاند، بەهۆى بارینى ٤٦ سانتیمەتر بەفر لە سنورەکەیان ڕێگاکانی هاتوچۆى ناوچەکە داخراون.

مەسعود باتێلى بەڕێوەبەری دەروازەی سنوری حاجی ئۆمەران بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، لە کاتژمێر ٤ى دوێنێ پێنجشەممەوە بەهۆى بارینى ٤٦ سانتیمەتر بەفر لە سنورەکەیان ڕێگا بازرگانى و گەشتیارییەکانى  ناوچەکە داخراون.

ڕاشیگەیاند، لە دیوى وڵاتى ئێران بەفر بە ڕێژەیەکى زیاتر باریوە و تا ئێستاش پاکنەکراوەتەوە و ئەوەش وایکردووە هاتوچۆکردن لە نێوان هەرێم و ناوچە سنورییەکانى ئێران زەحمەت بێت.

ئاماژەى بەوەشکرد، داوا دەکەن لە هاوڵاتیان ئەگەر بۆ کارى پێویست نەبێت ڕوو نەکەنە ناوچە شاخاوییەکان و لەحاڵەتى چوونیشیان با پێداویستى ڕۆشتنى ئۆتۆمبێلیان لە ناو بەفر پێبێت.

هاوكات، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، شەپۆلی بەفربارین تاڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت و سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە دەگرێتەوە و مەودای بینین لە یەک کیلۆمەتر کەمتر دەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەڕێوەبەرایەتى کەشناسى و بومەلەرزەزانى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاندووە ، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو پلەکانی گەرما لە سفری سیلیزی نزیکدەبێنەوە و لە بەیانی زوودا ئەگەری دروستبوونی زوقم و شەختە هەیە.